خوداکانی کورد یا خوداکانی یۆنانی کۆن؟
ئەفلاتوون لە کتێبی میوانی « سەمپۆزیوم » کە باسی سوقرات دێنێتە گۆڕێ، زیاتر وەکوو دوو سەوداسەر و ئەویندار دەردەکەون. ئەوینیی ئەفلاتوون لە ڕەساڵەی میوان بە زەقی ئەمە دەگەیەنێت، کە دڵداریی لە نێوان دوو پیاو یا کوڕێکی جوانکەڵە، لە سەرەوەی خۆشەویستی و دڵداریی، نێوان ژن و پیاوەوەیە.
لە کتێبی ” میوانی ” لە ئاخاڤتنی نێوان سوقرات و میوانەکان، ئەوینداریی نێوان ژن و پیاو بە سەرەتایی ترین جۆری خۆشەویستی دادەنرێت، لە هەمان کاتیشدا پەیوەندیی و خۆشەویستیی، لە تەک کوڕانی جوانکەڵە، وەکوو بەرز ترین ئاستی ڕۆحی دەنرخێنن.
پەیوەندیی و سێکسوالیتە لە ڕەساڵەی میوان دەمان گەیەنێتە ئەم ئەنجامە، کە بیرمەندانی ڕەساڵەی میوان، بۆ نموونە سوقراتیش، وەکوو شایەت حاڵ و ئامادە بوویەک لە مەجلیسەکە، باسی ڕاستێکانی کۆمەڵگایەک دەکەن، کە ئەم حەقیقەتە بڕەوی هەبووە. کەش و هەوای گفتوگۆی ئامادە بوان لە ” میوانی” دەرخەریی ئەم ڕاستییەن، کە ئەفلاتوون و میوانەکان سەرقاڵیی ئاخاڤتنی مژارێک بوون، کە لە کۆمەڵگای ئەوکاتی یۆنان و ئاتێن باو بووە.
عیسای مەسیحیش بەرهەمی ئەندێشەو فەلسەفەی سوقرات و ئەفلاتوونە، کە سەرچاوەی هەمان زێهنیەتە، خودای عیساش هەر نێرینەیە، بەڵام بەم جیاوازیە، کە سوقراتیەکان لە ڕێگای جەستەی کوڕانی جوانکەڵە ویستوویانە بە ئەویندار و مەعشوق بگەن، بەڵام عیسا لە دەروەی جەستە لە ڕێگای ڕۆح بە دوای گێشتن بە حەقیقەت و مەعشوقەوە بووە.
عیسا، دایک وەکوو ژن نابینێت، ڕۆحی پیرۆز، کە نێرینەیەکە، دەبێتە مەقسود. تەواوی فەرهەنگی مەسیح لە فۆرمێکدا خۆ دەنوێنێت، کە خودا نێرینەیەکە لە دەرەوەی سروشت.
کەنیسەکانیش، هەر بەم جۆرە خودایان وەکوو پیاوێک وێنا کردووە، کە دەبێت ئەم بەرپرسیارێتیە لە ئەستۆ بگرن، تا هەر بەم نۆڕمە پێشان بدرێت، کاتێک کە خودا پیاوە، پیاویش دەبێتە خودا.
خودا بەهرەمەندە، لە ڕەگەزی دیاری کراو و هەر بەم نۆڕمەش بیری لێکراوەتەوە، هەستی پێکراوە، پرستراوە، ئەدبیات و فەرهەنگی کۆمەڵگاش، هەر لەم چوارچێوەیەدا بیچمی گرتووە.
لە یۆنانی کۆن، ژن وەکوو شارومەند بە ئەژمار نەهاتووە، تەنیا وەکوو ئامرازێکی زاوزێ لە دەرەوەی خۆشەویستی پیاوان چاوی لێ کراوە. یەکم لەش فرۆش خانەش، لە یۆنانی کۆن، لە لایان ” سولۆن” دادەمەزرێت و لە ڕێگای داهاتەکەی مەعبد بۆ خودا دروست دەکرێت.
بە پێچەوانەی فەلسەفەی یۆنانی کۆن و ڕۆژئاوا و ئەوینی ئەفلاتوونی، فەلسەفە و ئەندێشەی کوردستانی کۆن، زۆر پێشتر لەباوک خودایی، لەسەر ئەساس و بنەمای پەرستشی ئیلاهەکان بووە. هەر لەسەرتاوە بە بێ هیچ وابەستە بوونێک بە باوک خودایی، سەربەخۆیانە ڕۆڵی ئیلاهەیان گێراوە، وەکوو خالەق و ئافرینندە، هەموو چەمک و ڕەهەندەکانی ژیانیان لە خۆ گرتووە.بەپێچەوانەی تێڕوانینی ئێستای کۆمەڵگای کوردستان، ژن لە کۆمەڵگای سونەتی، خاوەن جێگاو پێگای مەعنەویی تایبەت بە خۆی بووە، کە پیاوەکان لەو ئاستەدا نەبوون و پلەی کۆمەڵایەتیان ئەوندە بەرز نەبووە.
لە سەردەمی کوردستانی کۆن، هەزاران ساڵ دەسەڵاتی مەعنەویی، فەرهەنگ و ئایین لە ژێر هێژمۆنی و چاودێری ئیلاهەکان دا بووە. ئیلاهەو دایک وەکوو چەمک و هێمایەکیی پیرۆز، لە ناو فەرهەنگ و فەلسەفە، خاوەن ڕێز و حورمەتە، کە پیاو بێ ژن نەیتوانیوە بە کەماڵ بگات.
سەربەرز