ئێرانی جەعلی
ساڵی ۱۳۱۳ی هەتاوی ( ۱۹۳۵ زایینی ) حکومەتی ڕەزا پاڵانی لە بەیاننامەیەکدا، داوا لە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکات، کە لەمەوبەدوا، لە بلاڤۆکەکان و نامەکانیاندا، بە جێگای “ممالک محروسە” ناوی ئێران بەکار بێنن.
تا سەرەتای سەدەی بیستەم، ناوی ئێران وەکوو وڵات نەناسراو بوو، لەسەردەمی دەسەڵاتی ڕەزا پاڵانی ( کورتاندروو ) بە جەعل و ساختەکاری، بە گەڕانەوە بۆ مێژوویەکی هەڵبەستراو، کەسانێکی چەواشەکار، وەکوو سەعیدی نەفیسی، محەمەدی فروغی و سەید حەسەن تقیزاده، لەگەڵ ڕەزا پاڵانی ( کورتاندروو ) بە مەبەستی گەڵاڵە کردنی نێوی ئێران، کۆ دەبنەوە، هەر لە کۆبوونەوەکەشدا، سەعیدی نەفیسی داوا لە ڕاوێژکارەکانی ڕەزا پاڵانی دەکات، پێشنیارەکە پەسند بکرێت.
لە ڕۆژئاواو دنیای دەرەوە، لە پەرتووکەکان، ناوی ئێران بریتی بووە لەم جۆغرافیا بچوکە، کە بە فەلاتی ئێران ناسراوە ( کەویری لووت، بەلوچستان و ئەفغانستان ). هەرچی نووسراوە یا وەرگێڕانی مێژوویی، کە لەلایان فارسەکانەوە وەرگێڕدراوەتەوە، جێگای باوەڕ نین و فارسەکان بە هەرچەشنێک بۆیان کرابێت، دەستکاری وەرگێڕانەکانیان کردووە، هیچ ڕەوشتێکی ئەمانەت پارێزیان، بە لاوە گرنگ نەبووە، تەنیا بۆ مەبەستی دیاری کراوی خۆیان، هەموو چەواشەکارێکیان ئەنجام داوە، بۆ زیاتر ڕوون کردنەوەی مژارەکە، دەتوانیین زۆر فاکت و بەڵگە بێنینەوە، بۆ نموونە مێژووی تەبەری، مێژووی یەعقوبی، مروج ئەلمەزهەبی مەسعوودی و کۆمەڵێک نووسراوەی دیکە، کە دەق یان تێکستە عەرەبێکانی، کە لە ئەفغانستان پەیدا کراون، بە بەراورد کردن لەگەڵ وەرگێڕانە فارسێکەی، زۆر بە زەقی جیاوازی نێوان تێکستە ئەسڵی و دەستکاری کراوەکان دەردەکەوێت. لە هەر شوێنێک، کە وشەی عەجەم هاتووە، بە وشەی فارسی و ئێرانی گۆڕاوە.
داگیرکەری فارس لە ۹۰ ساڵی رابردوو تا ئێستا، بە مەبەستی نەهێشتنی هیچ کۆسپ و بەرهەڵستێک، لە سەر پرۆسەی ئاسیمیلاسیۆن و دەست بەسەر داگرتنی ئەم وڵاتانەی، کە داگیریان کردوون، ئایدنتیتی یا شوناسی ساختەیان بۆ دروست کردوون، فەلاتی ئێران هەر لە کۆنەوە لە زانستی زەوی ناسی دا، بەشێک بووە، لە هەرێمی ئەفغانستان و کەویری لووت. ماف ناسان و کەسانی خاوەن نەزەری” زانستی سۆسۆلۆژی” لەسەر ئەو باوەڕەن، کە چەمکی نەتەوەی ئێران شوناسێکی دەسکرد یا ساختەیە و ئێرانی بوون بۆ نەتەوەکانی ناو ئەم جوغرافیا ساختەیە، هەڵەیەکی زەق و بەرچاوی مێژووی سەردەمە، کە ئەمڕۆ بە ئێران ناسراوە، هەر کام لە نەتەوەکان خاوەن شوناس و ئایدنتیتی خۆیانن.
مێژووی ئێران و شوناسی ئێرانی لە سەر بنچینەی حاشاو نکوڵی کردن و داگیرکاری بنیات نراوە، فارسەکان بۆ تاڵان کردنی سەروت و سامانی خاک و نیشتمانی نەتەوەکانی دیکە بە هیچ شێوەیەک دەست لە ساختەکاریی خۆیان هەڵناگرن. کەمتر لێکۆڵەرێکی وردبین هەیە، کە زانستێکی دروستی لە سەر چۆنێتی مێژووی پڕ لە جەعل و ساختەکاری فارسەکان هەبێت، چونکە بەردەوام لە ژێر کاریگەری پڕۆپاگاندای هزریی نەتەوەی سەردەست و بریتانیاو هاوپەیمانەکانیاندا بوون، زۆر مێژوو نووسی غەیره فارسیش، بەرهەمەکانیان لە ژێر کاریگەری مێژووی دەسکردی فارس و ڕۆژئاواییەکان دا بووە، نەک بە پێی پارامێترێک، لە سەر ئەو خەڵکەی، کە بە هەزاران ساڵە لەسەر ئەو خاکە ژیاون.
مێژووی دەسکرد و جەعل لە سەر بنەمای فکری کۆڵۆنیای ڕۆژئاوا و ڕووسەکان هاتۆتە جێبەجێکردن و دەگرێتەوە بۆ هاتنی بریتانیا بۆ ئەم جوغرافیای، کە ئێستا بە ئێران دەناسرێت. ئەگەر زمان بڕبڕەی پشتی هەموو نەتەویەکە و لە هەمان کاتیش دا زمانی هاوبەش هۆکارە بۆ لەیەک تێگەیشتن، ئەوە ئەم زمانەی کە ئێستا بە نێوی فارسی ناسراوە، زمانی ساختەیە، زۆربەی وشەکانی لە گەڵ زمانی ئیسلاوی و ڕووسی هاوبەشن، زۆرێک لە نووسەرانی فارسی نووس و شاعیرە فارسەکان ( تاجیک ) لە هەرێمی تاجیکستان ژیاون، بۆ نموونە فردۆسی لە شانامەکەی بەردەوام ناوی ئەم شارانە بەکاردێنێت، کە هەموویان لە ئەفغانستان و تاجیکستان بوون.
بزووتنەوەی هیوا