سەربەرز
ناسیونالیزمی دەستەمۆ و ئیخوان موسلمین
باشووری کوردستان لە نێو زەڵکاویی ناسیونالیزمی دەستەمۆ کراو و ئیخوان موسلمین
کوردستان وەکوو جەستەیەک، کە بەداخەوە بەشێکی تووشی نەخۆشی درێژخایەن هاتووە، کە ئەگر ئەم شێرپەنجەیە پێشی پێ نەگیرێت، ئەوە هەموو لەش دادەگرێت و بەگشتی کوردستان هەلا هەلا دەکات. ئەم دوکان و بازارەی، کە ئەمڕۆ بە نێوی کوردایەتی و حکومەتی کوردی لە باشوور داندراوە، هەموویان دەستکردیی ئەم چەند وڵاتەن، کە کوردستانیان داگیر کردووە، تورکیە و ئێران لە ڕێگای پڕۆکسییەکانی ( پ د ک – ی ک ن ) فۆڕمێکیان لە حکومەت و ناسیونالیزمی کوردیی ئاڕاستە کرد، کە نەتەوەی کورد قێز لە بوونی خۆشی بکات.
وڵاتی تورکیە هەتا پێش ڕووخانی سەدام حوسێن سواڵی دەکرد، بەڵام هەر لە دوای دەسەڵاتی ” پ د ک ” لەم دەڤەرە، تەواویی ژێرخان و سەرخانی ئابووری باشووری کوردستانیان پێ ئاودیویی تورکیە کردن، لەم لاش ئێران لە ڕێگای ” ی ن ک ” بە هەمان شێوە ژێر خان و سەر خانی کوردستانیان بەتاڵان برد.
لە گەرماگرمی سەپاندنی ئابڵوقەی ئابووریی لە لایان ئەمریکا بە سەر ئێراندا، حکومەتی تاران لە ڕێگای پڕۆکسییەکانی ( پ د ک – ی ن ک ) دراوی ئێرانیان بە نێوی هاوردەکردنی کەرەسە، لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ باشووری کوردستان، سپی دەکردەوە. ڕۆژانە سەدان بارهەڵگریان ئاودیو دەکرد، تا بگاتە دەستی هولدینگەکانی سپای پاسداران، دەسەڵاتی باشووری کوردستان چەندین ساڵە بۆ دەور لێدانەوەی گەمەرۆکان یارمەتی دەریی ئێرانە.
بەسەدان بنکەی میت و ئیتلاعات لە شارەکان بە ئاشکرا بوونیان هەیە، کە بە هاوکاری مافیاکانی باشووری کوردستان، سەدان کردەوەی تیرۆریستیان ئەنجام داوە.
پڕۆکسییەکانی ئێران و تورکیە ( پ د ک – ی ک ن ) لە باشووری کوردستان، گەورەترین کۆسپ و لەمپەر بوون، لە بەر دەم خەباتی سیاسیی و ماف خوازانەی نەتەوەی کورد، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
هەتا ئەو جێگایەی کە بۆیان کرا، لە تیرۆر و کوشتنی تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەپرینگاونەتەوە، تا ئەو ساتەی، کە لە نێوان حیزبەکانێ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کۆماری ئیسلامی، قەراردادێکی ئەمنی هاتا ئیمزا کردن و سڕیان کردن.
دەسەڵاتی بە نێو کوردی لە باشووری کوردستان ئەوەندەیان داتا و بەڵگەی سیخوڕیی و تیرۆر لە بەردەست دەزگا ئەمنییەکانی ئێران و تورکیەدا هەیە، کە هەتا ئەو ڕۆژە هەن ناتوانن پەل بەبزێون، بەسەدان جنایەتیان بۆ ئەم وڵاتانە ئەنجام داوە.
ئێران و تورکیە، کە خۆیان بەشێکن لە بەڕێوەبەرای پڕۆژەی ئیخوان، لە چەند ساڵی ڕابردوودا زۆر بە سانایی لە ڕێگای پڕۆکسییەکانیان و راگەیاندکانیان، توانیان باشووری کوردستان، کە هێشتا هەناسەیەکی وەبەر مابوو، پشووی لێ ببڕن.
ڕەنگ و ڕوخساری کوردایەتیی لەبەر داماڵن و بە فۆڕمی ئیخوان موسلمین و ئیسلامی سیاسیی، پۆشتەی کەنەوە.
ئەوەی کە ئیسلامی کلاسیک بە درێژایی مێژوو نەیتوانی خۆ بەسەر کلتوور و فەرهەنگی کوردی دا زال بکات، ئیخوانەکان بە یارمەتی دەسەڵاتی باشوور جێبەجێیان کرد.
ئەوەی کە ئەمڕۆ ئیخوانەکانی باشووری کوردستان، لە ژێر ناوی ئایین، لە حاڵی ئەنجام و جێبەجێکردنی دان، ژنوسایدی سپیی نەتەوەی کوردە، کە باجەکەی بۆ کورد زۆر لە ئەنفاڵ و کیمیابارانی هەڵەبجە و کۆمەڵکوژی دەرسیم و فەتوای خومەینی، بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان، قورسترە. ئێرانی جەعلیش لە هەوڵی گۆڕینی مافی نەتەوەیی و شوناس خۆازانەی کورد و بە ئایینی کردنی ئەم پرسەیە، هەتا کورد بە ئیسلامی سونە ببەستێتەوە. سەر لە نوێ موفتیزادەکان، لە ژێر ناوی مەکتەب قورئان زیندوو بکاتەوە، تا دەگەڵ ئیخوانەکانی باشووری کوردستان لێکیان گرێ دەنەوەو مۆدێلێکی دەسکردی ناسیونالیزمی ئیخوانی بێنە ئاراوە.
سەربەرز