قەرەنی قادری چاوەدێری سیاسی
با زمانی کوردی گرینگیی ستراتیژیکی هەبێت!
زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان حاڵی هیچ باش نییە و زمانی فارسی خەریکە زمانی کوردی هڵۆڵ دەکات و لە کۆی ڕستەیەک کە لە ئاخەڤتنی بەشێکی زۆر لە هاووڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەیبیسی، تەنیا فرمان (فعل)ەکەی کوردییە. بۆ نموونە؛ کردی، هات، ڕۆیشتن یان دەبن، دەبێ، هەیە و …! یان دەڵێن: “بە چالێشی دەکێشین”، “حاشیەی بۆ دەکەن”، “حاشیەسازی”، “زۆر جالبە”، “خواهیش دەکەم”، “تەشکور دەکەم” و دەیان و سەدان ڕستە و دەستەواژەی سەقەتی تر کە بەداخەوە بە شێوەیەکی زۆر خراپ، ڕۆژانە بەربینگی بە زمانی کوردیی بێخاوەن گرتووە.
کۆماری ئیسلامی نە تەنیا ڕێگە نادات زمانی کوردی لە داینگەوە بخوێندرێت، بەڵکوو بەپێی هەوڵی سیستماتیک خەریکە زمانی کوردی وێران دەکات. کاتێک بە گوێرەی تیۆریی شۆڤێنیستانەی ئێرانییەکان، لە ئێراندا “یەک نەتەوە”، واتە “نەتەوەی ئێران” هەبێت، کە بێ شک زمانی “نەتەوەی ئێران”یش دەبێ فارسی بێت، ئیتر چارەنووسی زمانی کورد دیارە چی لێ دێت. “یەک نەتەوە” و “یەک زمان”، ئەمەیە دۆخی زمانی کوردی لە ئێرانی ئیسلامیدا. هیچ چاوەڕوانییەک لە کۆماری ئیسلامی ناکرێت بۆ باشبوونی زمانی کوردی، چونکە شۆڤێنیزم و شیعەی ئێرانی دەستیان دە دەستی یەکتر ناوە بۆ لەناوبردنی زمانی کوردی. ڕادیۆ، تەلەڤزیۆن، چاپەمەنی، ڕاگەیاندنی ئەلیکترۆنی، ئیداراتی حکوومی، داینگە، خوێندنگە، زانستگەکان و … گشتیان بە زمانی ئێرانییەکان، واتە فارسییە!
ئەگەر زمانی کوردی هەر لە داینگەوە بگرە تا دەگاتە خوێندنگە و زانستگەکان ڕێگەپێدراو بێت، لە ڕوانگەی شۆڤێنیزمی ئێرانییەوە شتێک بە ناوی “نەتەوەی ئێران” و “یەکپارچەییی نەتەوەییی ئێران” نامێنێت، بۆیە چاوەڕوانی ئەوەی کە لە کۆماری ئیسلامیدا زمانی کوردی هەر لە داینگەوە تا دەگاتە زانستگەکان ئازاد بێت، تەنیا تراویلکەیە و بەس. دوژمن لە دەرەوەڕا کوردستانی داگیر کرد، بەڵام خەریکە لە ناوەوە زمانی کوردی لەناو دەبات!
لە لایەکی دیکەوە، ئەگەر خەبات تەنیا لە دەوروبەری دروشمی مەرگ بۆ کۆماری ئیسلامیدا چڕ بکرێتەوە و لایەنەکانی دیکەی ژیان لەبیر بکرێن یان زۆر بە کەمی گرینگییان پێ بدرێت، نەک تەنیا کارتێکەریی خراپی دەبێت، بەڵکوو ناڕاستەوخۆ یارمەتی بە ستراتیژیی کۆماری ئیسلامی دەدات بۆ تێکدانی زمانی کوردی!
گەرچی خەباتەکە بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامییە، بەڵام بەشێک لە هەوڵ و تێکۆشانەکە دەبێ بۆ پاراستن و بەهێزکردنی زمانی کوردی و ژینگەی کوردستانیش بێت!
خۆ دەکرێت، حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و کەسایەتییەکان بە ڕێگەی کەرەسەکانی ڕاگەیاندنەوە ڕووبەڕووی ئەو هێرشە شۆڤێنییە کەلتوورییەی کۆماری ئیسلامی ببنەوە. ئەگەر جاران ڕاگەیاندنەکان تەنیا لە پاوانی حکوومەتی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیدا بوون، ئێستا بە خۆشییەوە “تاک”یش دەستی پێی ڕادەگات و ڕای خۆی دەردەبڕێت، هەر لەبەر ئەوە هەوڵدان بۆ نووسینی بەردەوام بە کوردی و گەشەی زمانەکە نە تەنیا لە ئەستۆی دامەزراوە زمانەوانییەکان و حزب و ڕێکخراوەکاندایە، بەڵکوو “تاک”یش بەرپرسە لە پاراستن، پاکوخاوێنی و بەهێزکردنی زمانی کوردیدا!
بۆ ئەوەی زمانی کوردی بەهێز ببێت و لەناو کۆمەڵانی خەڵکدا جێی خۆی بکاتەوە، پێویستە و دەبێ هەر بەرپرسێک جا حزبی بێت یان ناحزبی هەوڵ بدات بە زمانی کوردی قسێ بکات و خۆ لە دەربڕینی وشە، ڕستە، چەمک و زاراوەی فارسی بپارێزێت و تەواو بە کوردی قسێ بکات. هەر بۆ ئاگادارییش، زمانی کوردی ئەو توانایەی هەیە. ڕەواننووسی، تێگەیاندن و کارتێکەری، پێکەوە هێزی نەرم دروست دەکەن!
پێویستە لە پەیوەند لەگەڵ زماندا، حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان، هەروەها دامەزراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ستراتێژیی ڕوونیان سەبارەت بە زمانی کوردی هەبێت، چونکە زمانی کوردی تەنیا کەرەسەی پەیوەندیگرتن (گەیاندنی پەیام و وەرگرتنی وڵام) نییە، بەڵکوو ئامانجە، هەر لەبەر ئەوە هەم دەبێ ستراتیژییەکی ڕوون سەبارەت بە زمانی کوردی هەبێت و هەمیش میدیا حزبییەکان و ڕاگەیاندنەکان زۆر بە خەستی و چڕی پەیڕەوی لە سیاسەت و ستراتیژیی زمانی بکەن و زمانی کوردی بکەن بە ئامانج و، هەر لەو کۆڵانەوە سەیری زمانی کوردی بکەن. با زمانی کوردی ببێتە ئامانج، نەک تەنیا کەرەسە بێت بۆ قسەپێکردن لە تەلەڤزیۆن و ڕادیۆ و بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی حزبی و سیاسی!
ئەگەر هەوڵی ڕۆژانە بۆ لەقاودان و ڕووخانی کۆماری ئیسلامییە، هەر بەو پێیە دەبێ هەوڵی پاراستن و بەهێزترکردنی زمانی کوردی چڕتر و تۆکمەتر بکرێتەوە و لە هەر شوێنێک کە کۆماری ئیسلامی بە دامەزراوە چەواشەکارییەکانیەوە بخوازێت زەبر لە زمانی کوردی بدات، پێویستە زمانی کوردییش ڕووی تۆپخانەکەی تێ بکات و زەبرەکان لە گەرادا بخنکێنێت!
لەبیرمان نەچێت، زمانی کوردی تەنیا بە نووسین و بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی سیاسی ناپارێزرێت، بەڵکوو پرسێکی ژیانییە و پێویستە خۆشمان بوێت. وا باشە حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات بە رێخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و کەسایەتییەکانیشەوە بیرێکی ستراتێژی لە زمانی کوردی بکەنەوە و، پاراستن، بڕەودان و بەهێزکردنی زمانی کوردی بکەنە ئەرکێکی ڕۆژانە!
زمانی من (کوردی)، هێلانە، ماڵ و وڵاتی منە!