دەوڵەت ڕۆحی نەتەوەیەک
دەوڵەت وەکوو ڕێکخراوەیی ترین ناوەندی کۆمەڵگا، ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاو لە پێشکەوتن و نوێ بوونەوە دەبینێت.
باشترین فۆڕم و پارادایمی پێشکەوتنی نەتەوە، ئەوەیە کە بتوانێت دەوڵەتی خۆی پێک بێنێت. دەوڵەت سەرەکی ترین چەمکی تێگێشتن لە سیاسەت و زانستی سیاسیە.
پێناسەو بەکار هێنانی چەمکی دەوڵەت، مانایەکی بەربڵاو گشتگیری هەیە، کە هەموو پێکهاتەکان، ڕێکخراوەکان و دامەزراوەکان، لە قەلەمڕەو جوگرافیای خۆی دیاری دەکات.
مێژووی دەوڵەت؛ بەشێک بووە، لە مێژووی فەلسەفەو ئایدا، بەڵام دیارترین دیاردەی جیهانی هاوچەرخ، مێژووی دەوڵەتی مۆدێرنە، کە کۆمەڵگا لە فۆڕم و قەوارەی پێشوو جیادەکاتەوە، تا وەکوو دیاردەیەکی سەردەمیانە، سەر لە نوێ خۆی پێناسە بکاتەوە .
دەوڵەتی مۆدێرن، لە سەدەی پانزدە و شانزەی زایینی، لە ئەوروپا سەری هەڵدا، سیستم و قالبێکی تازەی بەخۆوە گرت، تا بتوانێت هەموو ئەنجومەنەکان، تاقم و گروپ و ئایینەکان، بە شێوازێکی تەکووزمەند کۆبکاتەوەو لە ژێر دەستی حکومەتی مەزهەبی رەها بکات.
دەوڵەت کۆمەڵگایەکی مرۆییە، کە بە چەشنێکی سەرکەوتوانە، خۆاست و ئیرادەی ئەوەی تێدا هەیە، تا بە ئیمکانات و هێزێکی مادی بۆ هەموو ئەنجامێک و دیاری کردنی دەسەڵاتی خۆی، دەستی کراوە بێت. دەوڵەتی هاوچەرخ گرنگترین دەسکەوتی مۆدرنیتەیە، کە لە سەر بنەمای ئەقڵانیزم ” راسیونالیسم”( Rationalism ) و تاک گەرایی ( individualism ) و سکۆلاریزم ڕاوەستاوە.
جیایی ئایین، لە پەنای جیایی ئەخلاق لە سیاسەت، شۆڕشی پیشەسازی و پێش کەوتنی تێکنۆلۆژی، ئەمانە هەمووی دەسکەوتی پێکهاتنی دەوڵەتی هاوچەرخ بوون.
سەرئەنجام دەگەڵ ڕووخانی نیزامی ئێمپراتۆری لە ئەوروپا و دەرکەوتنی دەوڵەت – نەتەوە تازەکان، لە سەرەتای سەدەی شازدەیەم، تێئۆری ئیستبدادی دینی و تئوکراسی کەنیسە ولاندرا و بەستێنێکی گونجاو بۆ توێژینەوەی سیاسەت بە چەشنێکی سەربەخۆیانەو دوور لە ئایین و ئەخلاق فەراهەم بوو، بەم چەشنە چاوگەی دەسەڵاتی سیاسی، لە کەنیسەوە بۆ کۆمەڵگای مەدەنی راگۆزرا.
گەشەسەندن لە بواری ئابووری و بە هێز کردنی شوناس و ئایدنتیتی نەتەوە، بۆ پەرەپێدانی زمان و فەرهەنگی هاوبەش، هاوشێوەکردنی ستانداردەکان و سەروەری یاسا، کۆی ئەمانە، هەمووی دەسکەوتی دەوڵەتی هاوچەرخ بوون.
لەڕوانگەی ماکس ڤێبەر؛ ناوەندی دەوڵەت باڵاترین مەرجەعی یاسا و دەسەڵاتە، کە لە جوگرافیایەکی دیاری کراو، حوکمڕانی دەکات، دەوڵەتی هاوچەرخ وەکوو کۆمەڵگایەکی مرۆیی دەناسێنێت و دەوڵەت بە نوێنەری نەتەوە دەزانێت، کە کۆمەڵگا هیواو ئاواتەکانی خۆیانی لەسەر هەڵدەچنێت. ڤێبەر پێیوایە، مارکسیزمەکان بە سەقەتی لە ناوەڕۆکی دەوڵەتی هاوچەرخ تێگەیشتوون، مێژووی دەوڵەت و خەباتی نەتەوایەتی، بە هیچ شێوەیەک، ناکرێت تا ئاستی خەباتی چینایەتی دابەزێت.
بە، بەدوا چوون لە مێژووی سیاسی ئەوروپا و پێشکەوتن لە زۆر بواردا، دەردەکەوێت کە وڵاتانی ئەوروپا، لە سێ قۆناغی جیاواز دەرباز بوون، کە پێویستە هەرکامە لەم قۆناغانە دەگەڵ قۆناغەکانی دیکە بەراورد بکرێت.
قۆناغی یەکەم، دەرباز بوون لە حکومەتی ئیستبداد و تئوکرات.
قۆناغی دوهەم، قۆناغی نەتەوە سازی، کە ئەم قۆناغە بە سەردەمی دێموکراتێک ناودەبەن.
قۆناغی سێهەم، شکۆفایی ڕێکخراوە مەدەنیەکان و سەربەخۆیی حیزبەکان و سەندیکاکانە لە دەوڵەت.
خالێک، کە پێویستە ئاماژەی پێ بکرێت، پێشکەوتن لە هەر شوێنێکی کۆمەڵگا بێتە دەستپێک، ئەوە ڕەهەندەکانی دیکەی کۆمەڵگاش، هەڵگری گۆڕانکاری دەبن.
لەڕۆانگەی هێگڵەوە؛ مافی تاکەکەکان گرێدراوە بە مافی کۆ، کە بە یەکێان دەبەستێتەوە، ئەوەش بە واتای فەرامۆش کردنی هەرێمی خسووسی نییە، بەلکو بەرژەوەندی تاکەکان و دەستەبڕکردنی ئازادی، گرێدراوە بە ئازادی مەدەنی .
تاک لە کۆمەڵگای مەدەنی بە پێچەوانەی بنەماڵە، بە ئازادی و سەربەخۆیی دەگات، تاک لە بنەماڵەدا، لە ژێر کاریگەری و کۆنترۆڵ دایەو ئازادێکانی تا ڕادەیەک لێ زەوت دەکرێت.
تاک لە کۆمەڵگای مەدەنی دەگاتە واقعیەت و ئوبژکتیڤ. بەم چەشنە بە دەرباز بوون لە بنەماڵە ئاستی لۆژیکی بەرز دەبێتەوە.
هێگڵ؛ بوونی دەوڵەت بۆ بردنەسەری ئاستی ئازادی مرۆڤ، بە ئەمرێکی زەرووری دەزانێت، بە پێی ئەم ئەندیشە و ڕاڤەیش، دەوڵەت بە هیچ چەشنێک کەرسە نییە، بەلکو لە خۆی دا ئامانجە. دەوڵەت شوێنی بە دیهاتنی ئازادی عەقلانی مرۆڤە، دەوڵەت راستێکە، کە تاک دەتوانێت بە شێوەیەکی رەها، لە ئازادی خۆی بەهرەمەند بێت.
کاتێک وڵاتێک دەست بە نوێ سازی دەکات، لە ڕاستیدا دەبێتە شوین و ناوندی شکۆفایی سیاسی، ئابووری و نیزامی، بە پێچەوانەش ئەو نەتەوانەی کە لە پرۆسەی بە دەوڵەت بوون نەیانتوانیوە دەوڵەتی خۆیان پێک بێنن، ئەوە دەبێت باجێکی قورس و گرانی بۆ بدەن.
ویژدانی ئتنیکی “قەومی” شوناسی خۆی لە هاوخوێنی، هاوڕەگەزی و ئایینی هاوبەش وەردەگرێت، هەرچەند ویژدانی نەتەوەی کۆی ئەم توخمانەش لە خۆ دەگرێت، بەڵام بۆ گێشتن بە ئیرادەی بە دەوڵەت بوون، توخمی سەرەکی نەتەوەیی بوونە. دەسەڵاتێک، کە هەڵقوڵاوی نەتەوە بێت، ئەوە نەتەوەو دەوڵەت پێکەوە گرێدە دەدات.
دەرباز بوون لە چەمکی نۆکەری و بوون بە شارومەند، بەرهەمی پیوندی دوولایانانەی نیاوان شوناس و نەتەوەیە، کە بەرەو دەوڵەت بوون هەنگاو دەنێت.
لە دەولەتی هاوچەرخ، وەفاداری، بۆ دەوڵەت – نەتەوە، دەبێتە جێگرەوەی وەفاداری، بە خێل و عەشیرە و تایفە.
ماناوە لە قەوارەی خێل و عەشیرە و نەبوون بە دەوڵەت – نەتەوەی هاوچەرخ، هەروا هاسان نییە، بەلکو باجەکەی لە جیهانی هاوچەرخدا لەناو چوونە.
نەتەوە ” Nationality ” دەگەڵ خۆی هەڵگری چەمکگەڵێکە، کە لە ناخی ئەودا، حکومەتی نەتەوەی سەر هەڵدەدات و خۆی نیشان دەدات. دانیشتوانی جوگرافیای بێ دەوڵەت، ئەگەر تا پێش سەردەمی بە دەوڵەت بوون، وەکوو نەتەوە پێناسە نەکرابێن و لە سنوور و قەلەمڕەوی سولتان نیشتجێ کرابێن و لە ژێر فەرمانی ئەودا بووبێن، ئەوە بێجگە لە نۆکەر و ڕەعیەتی سولتان، هیچ شتێکی دیکە نەبوون .
سەربەرز