لە نێوان ساڵەکانی 1298 – 1296 ( هەتاوی 1917 هەتا 1919 ) کۆتاییەکانی جەنگی جیهانی یەکم و هاتنی هێزەکانی رووسیە و بریتانیا بۆ ناو خاکی کوردستان و ئێرانی ساختە. شەڕی ناوخۆیی ، وشک ساڵی ، قات و قوڕی، تەشەنەی مالاریا و پەتەی ئیسپانیا، گیانی 3 میلیون کەسی لە دانیشتوانی ئەوکاتی ئەستاند، واتا یەک لە سێی خەڵک لە ناو چوون .
خەڵک لە برسان ببوون بە پێست و ئێسقان ، زۆر جار لەسەر کەلاکی مردوەکان ، سەگ و ئینسان ڕۆدەهاتنە یەکتر ، بەشێکی زۆر لە منداڵان بە دەست گەورەکان خوران ، دەغڵ و دان بە تووتووش دەست نەدەکەوت .
گەڕانەوە بۆ مێژوو ، تەنیا خوێندنەوەی رابردوو و یا ژیان کردن لە ناو لاپەرەکانی مێژوو دا نییە ، بەلکو بەرچاو ڕوونێکە ، کە دەکرێت بۆ داهاتوو کۆمەڵێک کردەوەی لەسەر گەڵالە بکرێت و هەنگاوەکان کوێرانە نەبێت .
بەهۆی زیادبوون و تەشەنە سەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا ، کە لە ئێستادا بۆتە گرفتێکی گەورەی جیهانی ، ڕۆژانە گیانی هەزاران کەس لە دانیشتوانی ئەم جیهانە دەگرێت ، جگە لەمانەش ئابووری گلوبالیزمی جیهانی تووشی قەیران وداڕمان هاتۆ و زۆریەک لە وڵاتانی پێشکەوتوو لە هەمبەر ئەم ڤایرۆسەدا بێدەسەڵات و دەستەوەستان ، تەنیا چاوەڕوانی ئەوە دەکەن ، کە دەخۆا کەی ڕێژەی مردوەکان لە هەزارەوە بۆ میلیۆن بەرز دەبێتەوە .
ئێرانی ساختە و کوردستانیش ، کە بەشێکن لە تووشبووانی تەشەنەی ئەم ڤایرۆسە ، هەر ئێستا بە دەستێەوە دەناڵێنن ، ئەم لە حاڵێکدا دایە ، کە ئابووری ئێران چەند ساڵە گەمارۆی لەسەرەو خزێنەی دەوڵەت بەتاڵ ، نەرخی هەر بەرمیلێک نەوتیش لە ئێستادا لە بازاڕەکانی جیهانی ناگاتە 20 دۆلار .
ئەگەر وڵاتانی پێشکەوتوو ئەمڕۆ بەرەو ڕووی ئەم ڤایرۆسە هاتوون و کارەساتی مرۆیی لێ کەوتۆتەوە ، ئەوە دیسان دەتوانن لە ڕێگای پاشەکەوتی سەرمایەکانیان لە سەندوقی نێونەتەوەیی دراو ، تا ماویەک خەڵکی خۆیانی پێ بەخێو کەن ، بەڵام لە ئێران بە هۆی نەبوونی سیستەمی ئابووری سۆسیال یا بڵێین یارمەتی دەوڵەتی ، ئەوە خەڵکی نەدار لە ژووری ماڵەکانیاندا، بە برسێتی قەرەنتینە کراون .
زۆر جار پەرەسەندن و گەشەکردنی پیشەسازی و ئابووری لە جێگای ئەوەی کە پۆزەتیڤ بێت ، لایانی نەگەتیڤی لێ دەکەوێتە، کاتێک سەرمایە بە جیهانی دەکرێت و سیستەمی بازاڕی ئازاد لە سەر بنەمای نئولیبرالیزم دادەڕێژرێت ، هەر رووداوێک دەتوانێت بێتە لەمپەرێک لەبەردەم سەرمایەی جیهانی و تووشی قەیرانی ئابووری کات و چەندین ساڵ لە ناو کەسادیدا بمێنێتەوە.
( کوردستان )
لە دوای بە دەوڵەت نەتەوە بوونی نەتەوەی سەردەست و گرتنە دەستی هەموو جومگەکانی دەسەڵات و ئابووری ، ئەوە تەنيا هەڵکەوتەی ژئۆپلۆتیکی کوردستان بوو ، کە لە باری ژینگە و جوگرافی، توانی خۆی لە سەر پێیان ڕاگرێت ، دەنا دەسەڵاتی ناوەند هیچ کات ئاوڕێکی لە کوردستان نەداوەتەوە و بگرە هەموو هەوڵێکی خۆشی چڕ کردۆتەوە بۆ لەناو بردنی ژینگە و ئابووری کوردستان .
ئەگەر ناوچەو شارەکانی نەتەوەی سەردەست رۆژ لە دوای رۆژ، بە هۆی ئەو بەستێنەی کە دەولەت بۆی ئامادە کردەبوون، ئابوورێکەیان گەشەی دەسەند و بارودۆخی ژیانی خەڵکەکەی لە کوردستان باشتر دەبوو، ئەوە خەڵکی کوردستان، سەرەڕای دەولەمەند بوونی ژینگە و سروشتی خۆی، بە هۆی نەبوونی هیچ بەستێنێک و گەڵاڵەی داڕێژراوە لە لایەن دەوڵەتەوە، نەیتوانیوە گەشە بکات و بە کردەوە وای لە خەڵکی کوردستان کردوە، کەتەنیا بیر لە ئابووری کورتخایەن بکاتەوە بۆ دەرباز کردنی ژیانی ڕۆژانەو پەنا بۆ کۆلبەری و قاچاخ بەرێت .
کۆرۆنا و پەسا کۆرۆنا
ئابووری جیهان و ناوچەکە لە هەموو لایەکەوە تووشی قەیران وداڕمان هاتۆ ، تەشەنەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە باری ئابووری و سۆسیۆلۆژیا، زياتر کاریگەری لەسەر وڵاتانی پێشکەوتوو داناوە ، لەو نێوەش دا ئەگەر کۆرۆنا دەبێتە هۆی لە دەست دانی ڕێژەیەکی بەرچاو لە دانیشتوانی سەر گۆی ئەم زەوییە، بەڵام لە هەمانکاتدا گۆڕانکاری لە سەر ترادیسیونی جیهانی دادەنێت.
ئەگەر کۆرۆنا بۆتە هەرشە لە سەرسیستمی جیهانی سرمایه داری و کۆمەڵگای بەشەری ، ئەوە دەکرێت نموونەی ژیانی هەرەوەزی و کۆمۆناڵ لە کوردستان وەکوو پارادیمێک بۆ خۆ بەڕێوەبەری، بێتە مۆدێلێکی سیاسی و ئابووری بۆ خۆ دەرباز کردن لە قات و قوڕی ، شووڕای شار و گوندەکان لە خەڵکی لێهاتووە پێک بێت .
کورستان لە بواری ئاو خاک و هەوا، کە خۆشبەختانە ئێستا لە وەرزی بەهار داین، دەتوانێت بە پشت بەستن بە بەرهەمهێنان و کشتوکاڵی خۆماڵی، بەستێنکی گونجاو بۆ ئابوورێکی سەربەخۆ فەراهەم بکات، تا بتوانێت بە ئیرادەیەکی بەهێز ئەو قۆناغە دژوارە بە کەمترین خەسار دەرباز بکات.
پیویستە ئەمڕۆ بە ڕۆحێکی نەتەوەیی و هەست بە بەرپرسیاریەتی هەموو ئەو خاڵ و چەمکانەی کە دەتوانێت، گەلی کورد بەرو گۆڕانکاری بنەڕەتی بەرێت ، لەبەر چاو بگرین و بۆ دواڕۆژی وڵات هەر لە ئێستاوە بە ئێرادەیەکی پتەو بەرو پێش هەنگاو بنێین.