ژنان و بزووتنەوەی سیاسی
چەمکی ژن یا پیاو، هەنووکەش هەر لە ژێر کاریگەری کۆمەڵێک کلیشەی فەرهەنگی و کلتووری دایە، بەڵام بە پێی زەروورەتی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی، تووشی گۆڕان دێت.
ژن لە گشت بوارەکانی ژیاندا، بە تایبەت سیاسی وکۆمەڵایەتی، دەتوانێت چالاکانە بە زانست و ڕامیاری و پەروەردە، کۆتایی بە ئاستەنگێکانی سەر ڕێگای بێنێت.
دابەش کردنی دادپەروەرانەی دەسەڵات، لە نێوان ژن و پیاو لە تەواوی بوارەکاندا، نەک هەر تەنیا دەتوانێت، زامن و گرەنتی دێمۆکراسی بێت، بەڵکوو دەبێتە هۆکاری دەستەبەر کردنی ئەو مافە سروشتیانەی، کە لیان زەوت کراوە.
میکانیزم و بنچینەکانی دەسەڵات و سیستەمی سیاسی، پێویستی بە لێکۆڵینەوە و توێژینەوە، لەسەر ڕەهەندەکانی فکری و فەلسەفی هەیە، تا سەر لە نوێ خوێندنەوەی تازەو بنەڕەتی بۆ بکرێت، چونکە لە بنەمادا لەسەر بنچینەی جیاواز بنیات نراوە. لە دنیای سەردەم و مۆدێرن بۆ ویست و داخوازییەکان، مرۆڤ بێ ڕێکخراوە ناتوانێت بە شێوەیەکی تەندروست گەشە بستێنێت و خواستەکانی مسۆگەر بکات .
لە ڕاستیدا ئەوەی، کە بزووتنەوەو حیزبەکان لە گروپەکانی دیکەی سیستەم جیاواز دەکات، هەوڵدانە بۆ گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسی.
بە تایبەت ژنان بۆ گێشتن بە دەسەڵاتی سیاسی، زیاتر لە هەموو شتێک، پێویستیان بە ڕێکخستن و جێ گرتن لە چوارچێوەیەکی سیاسیدا هەیە، هەر بۆیە بوونی ژنان لە بزووتنەوە سیاسییەکان، ڕێگایەکە بۆ ئەوەی، کە بتوانن بەشداری دەسەڵاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی ببن.
گرنگترین قەیران، لە سەر ڕێگای گێشتنی ژنان بە سەرچاوەی دەسەڵات، نەبوونی کەش و هەوایەکی لە بارو گونجاوی دێمۆکراتیکە لە کوردستان، لە وەها دۆخێکیشدا، هیچ پلەو پایەیەک، بۆ ژنان لە نێو حیزبە سیاسییەکاندا، نامێنێتەوە، حیزبە سیاسییەکان، کە زۆر جار بۆ خۆیان باوەڕیان بە ماف و بەشداری ژنان نییە، ناتوانن نوخبەی سیاسیش رەوانەی کۆمەڵگا بکەن، کۆی ئەم مژارانە، دەبنە هۆی ئەوە، کە ویست و داخوازییەکانی ژنان، زیاتر وەکوو ناونیشانێکی تاکه کەسی بێتە بەرچاو.
ڕێگا چارەی گێشتنی ژنان بە دەسەڵات، بۆ بەدەست هێنانی مافەکانیان و چارەسەری پرسی ژن، کە بە درێژایی مێژوو کەڵەکە بوون و هەروا ماونەتەوە، بەشداری چالاکانەی ژنان وەکوو زەرورەتێک، لەناو سیستەمی سیاسی دایە.
بەتایبەت ژنان، لە دۆخی ئێستادا، دەتوانن بە بەشداری کردن لە خەباتی سیاسی، ڕۆڵێکی سەرەکی و بنەڕەتیان هەبێت، لە گۆڕانکارێکانی ئێستاو داهاتووی کوردستان.
هیچ بزووتنەوەیەکی سیاسی بە بێ شەراکەت و قبوڵکردنی مافی ژنان و هاوبەشی لە دەسەڵاتی سیاسی، ناتوانێت پێشەنگایەتی خەباتێکی بەربەرین و سەربەخۆیی خۆازانە بکات.
بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ هەر بزووتنەوەیەک، کە لە لایەن ژنانەوە، بەڕێکخستن کرابێت، بێجگە لە داڕمان و ڕووخانی کۆمەڵگا، هیچ قازانج و سوودێکی نابێت. هەرچەندە رێژەی بەشداری ژنان لە ناو بزووتنەوەی سیاسی دا زیاتر بێت، بەهەمان ڕادەش بزوتنەوەکان ناچار دەبن، بوونی ژنان لە ئاستی بەڕێوەبەریدا زیاد بکەن. هەتا بەرپرسیارێتی ژنان، لە ئاستی سەرەوەدا بێت، ئەوە بزووتنەوەکەش زیاتر گەشە دەستێنێت. بەشداری و پەیوەست بوونی ژنان بە بزووتنەوەی سیاسی، میدان و گۆڕەپانی خەبات پان و بڕین تر دەکات.
تا کاتێک ژنان خۆیان بە بەشێک، لە کێشەکان نەزانن، هیچ ڕێگا چارەیەکیشی بۆ نادۆزنەوە و گۆڕانکاری بنەڕەتی ڕوو نادات، لەو نێوەدا بوونی ژنان و ڕۆڵی ئەوان، يەکێکە لە نیشانەکانی رەوتێکی دێمۆکراتیک و سەردەمیانە، لەڕاستیدا، ڕۆڵی ژنان لە ناو بزووتنەوەدا، هەر چەند زیاتر بێت، ئەوە فکر و مینتاڵیتەی دواکەوتوو پاشاگەردانی بنبڕ دەکرێت.
لەوانەیە لە ئێستادا ژنان، لە کۆمەڵگادا هێندێک دەسکەوتی کۆمەڵایەتی و کلتووریان بەدەست هێنابێت، بەڵام ئەوە ناتوانێت هەموو چەمکەکانی ژیان و مافەکانیان تێر بکات.
خۆی لە ڕاستیدا، کەسایەتی ژن بە ورد بینی و ئافراندنەوە پێناسەو هێما دەکرێت، توانای ژن لە زۆر بواردا لە پیاوان زیاترە و بەشداری ژنان کاریگەری پۆزەتیڤی، لە سەر هەموو جومگەکانی دەسەڵات دەبێت. بەشداری ژنان دەبێتە هۆی کێبڕکێیەکی تەندروست و ژنان زۆر بە سانایی دەتوانن، لەڕێگای سیاسی مافەکانیان دەستەبەر بکەن، باشترین و گونجاوترین ڕێگاچارە بۆ گێشتن بە مافەکانیان، باڵانسی هێز و دەسەڵاتە .
لە پیوندی بە کۆسپ و تەگەرە، لە بەردەم بەشداری ژنان وەکوو ئەندامێکی چالاک، ئەوە ژنان بۆ خۆیان دەبێت، بەسەر هەموو ئەو بەربەستانەدا، باز دەن و خۆیان لە زێهنیەتی پیاوسالاری دەرباز بکەن .
بزووتنەوەی هیوا