هێرشی فەرهەنگی
هێرشی فەرهەنگی یا بە واتایەکی دیکە شەڕی فەرهەنگی، دیاردەیەکی تازە و نوێ نییە، پێشینەیەکی دوور و درێژی مێژوویی هەیە، ئەم دیاردەیە هەر لە قوناغە سەرەتایەکانی مێژووی پێکەوە ژیانی مرۆڤ، بوونی هەبووە. چەمکی فەرهەنگ یەکجار بەرفراوانە، کە دەکرێت لە زۆر ڕوو وە باس و گفتوگۆی لە سەر بکرێت.
فەرهەنگ پێناسەیەکی دیاری کراویی نییە، هەر بەو پێیەش دەگوترێت، فەرهەنگ گەلێک تێک هاڵاوە، کە هەڵگری زانیاری، باوەڕەکان، هونەر، ڕەوشت، یاسا، داب و نەریت و خۆاستی ڕۆژانەیە، کە مرۆڤ بە بەشداری و تێکەڵ بوون لە گەڵ کۆمەلگادا وەری دەگرێت.
بە تێگەیشتن لە چەمکی فەرهەنگ، دەتوانین بڵێن، کاتێک نەتەوەێک، لە هەوڵی سرینەوەی فەرهەنگی نەتەوەێکی دیکەدا دەبێت، کە بەسەری دا زاڵە، ئینجا هێرشی فەرهەنگی لەسەر ئەنجام دەدات.
لە هێرشی فەرهەنگی دا، نەتەوەی سەردەست بێ ئەوەی کەڵک لە هێزی نیزامی وەرگرێت، بە فۆرم و ڕیشەناسی “ئێتیمۆلۆژی” بە شێوەیەکی گشتگیر، هێدی هێدی بڕەو بە ئەدەبێات، زمان و ئەندێشەی خۆی دەدات. هێرشی فەرهەنگی زۆر بە شێنەیی و هێواشی، بە مەبەستی دیاری کراو ئەنجام دەگرێت، هەموو جومگەکانی ژیان و کۆمەڵگای نەتەوەی ژێر دەستیش دەگرێتەوە.
لە هێرشی فەرهەنگی دا سێ بنەمای سەرەکی فەرهەنگ دەکرێتە ئامانج، باوەڕکان، بایخەکان، ئیڕادە. له هێرشی فەرهەنگیدا، نەتەوەی سەردەست بە شوێن نامۆ کردنی نەتەوەی ژێر دەستە، لە فەرهەنگ و کلتووری خۆی. نەتەوەی سەردەست بە مێتۆد و شێوازی زانستی، لە ڕێگای کۆمەڵناسی و دەرووناسی، بە کەڵک وەرگرتن لە هێما و نیشانەکان و فۆلکلۆری کۆمەڵگای ژێردەست، گۆڕانکاری پێک دێنێت. هەوڵ دەدات بەها و بایخەکان، سووک و بێ ئەرزش بێنێتە بەرچاو، بیر و هزری نەتەوەی ژێر دەست هەڵگەڕێنێتەوە، پوچ گەری و نهیلیزم پەرە پێ بدات و گومان و دڕدۆنگی دروست بکات.
دەزگای هێرش بەری نەتەوەی سەردەست، هەوڵ دەدات بەرنامە و پروگرامی خۆی لە ژێر ناوی فەرهەنگی هاوبەش و نزیکایەتی ئتنیکی جێبەجێ بکات و دەخوازێت، لە ڕێگای سۆز و هەستەوە، لە نێوان خۆێ و نەتەوەی ژێردەست، گرێدەراوی چێکات.
دەکرێت فەرهەنگ بە دوو دەستە دابەش کەین، مادی و مەعنەوی. فەرهەنگی مادی ” ئوبژکتیڤ” ، وەکوو هونەر، مێعماری، مۆسیقا، شانۆ.
فەرهەنگی مەعنەوی ” سوبژکتیڤ” باوەڕەکان، ئەندێشە، زانست و پەروەردە.
ئاکار و کردەوەی فەرهەنگی مادی لە ژێر کاریگەریی فەرهەنگی مەعنەوی دا گەشە دەستێنێت.
دەسەڵات و زانستی سیاسیش لە لایان نەتەوەی سەردەست وەکوو هێزێک بەکار دێت بۆ تەسیلم کردنی ئیڕادەی نەتەوەی ژێر دەست و داسەپاندنی فەرهەنگی خۆی بە زۆرەملی.
نەتەوەی سەردەست لە باری ڕۆحی و دەروونی نەتەوەی ژێر دەست، تێکدەشکێنێت، توانای بیرکردنەوەی لێ دەستێنێت و کڵۆڵی دەکات.
هێرشی فەرهەنگی لە دوو قۆناغ دێتە جێبەجێ کردن، یەکم هەنگاو بە تاڵ کردنی فەرهەنگی نەتەوەی ژێر دەستە، هەتا خۆی ئەم بۆشاییانە پڕبکاتەوە، دیاردەی نوێ هەمیشە لە جێگاێک سەر هەڵدەدات، کە بۆشایی تێدا هەبێت. نەتەوەی سەردەست، نەتەوەی ژێر دەست، ڕووت دەکاتەوە، هیچی لەبەردا ناهێڵێت، ئینجا بە دیزاینی خۆی پۆشتەی دەکاتەوە. نەتەوەی سەردەست کۆمەڵێک چەمکی دیاری کراوی خۆی، بە وردبینی و شێنەیی، لە ڕێگای دەزگاکانی بڵاو دەکاتەوە، بە بەهێز نیشان دانی فەرهەنگ و زمان و ئەدەبیاتی خۆی، لەملاشەوە بە بێ هێز نیشان دانی زمان و ئەدەبیاتی نەتەوەی ژێر دەست، سیستەماتیک کار لە سەر زمان و پەروەردە دەکات.
ئەگەر فەرهەنگی کۆمەڵگا توانای دیالیکتیکی خۆی لە دەستدا، ئەوە نەتەوەی ژێر دەست لە فەرهەنگی خۆی دادەماڵدرێت و توانای بیر کردنەوەی نامێنێت، لە ناو پەیوەندیە سەرەتایەکانی ژیانیدا دەستە وەستان و کڵۆڵ دەمێنێتەوە. گرنگترین ئامانجی هێرشی فەرهەنگی، لێستاندنەوەی موڕاڵ و بێ باوەڕی و بێ ئیرادەکردنی نەتەوەیەکە، هەتا بۆ هەمیشە پرۆسەی ئەنفاڵی سپی لەسەر جێبەجێ بکرێت و هەتا دوا هەناسەی هەر وەکوو بەکرێگیراوی نەتەوەی سەردەست ،درێژە بە ژیانی دۆراوی خۆی بدات.
سەربەرز