ئاکو
کورد نە مرۆڤی ئازادە و نە کۆیلەیەک، کە بەتەواوی چارەنووسی کۆیلایەتیی خۆی قوبووڵ کردبێ. کورد تا ئێستا نە خۆی بە شایانی ” ئازادیی ” دەزانێ و نە کۆیلایەتیش ئارامیی پێ دەبەخشێ. ڕۆحی کورد لە ململانێ و لە بەرزەخی نێوان ئازادیی و کۆیلایەتی دایە. ئۆتۆنۆمیخوازیی و فێدراڵیزمخوازیی و برایەتیی بەناو گەلان و ئێراقیچییەتی و ئێرانیچییەتی و تورکچییەتی و ئیسلامچییەتی و ئەنتێرناسیۆناڵچییەتی، سەرخانی ئیدئۆلۆژیکی بندەستیی و کۆیلایەتین.
بەڵام سەرخانی ئازادیی و سەربەخۆییخوازیی، بیچمی نەگرتووە و تەنیا هەندێ پێکهاتەی درۆیینە دەبیندرێن کە نانی ” سەربەخۆییخوازیی ” دەخۆن و لە ژێرەوەش خەریکی بنکۆڵکردنی ئامانجە بەرزەکانی کوردن.
هەر شتێ تا زەروورەت و پێویستیی پەیدا نەکات، نایەتە بوونەوە. ” ئازادیی و سەربەخۆیی ” بۆ کورد نەبۆتە زەروورەت بۆیە تا ئێستا نەهاتۆتە ئاراوە. لەهەر بڕگەیەک لە مێژووی کورددا ، چەند ڕێبەر و چەندین جەنگاوەری چنگ بەگڕ نوێنەرایەتیی ڕۆحی ئازادیی کوردیان کردووە و ئاگری شۆڕش و سەربەخۆییان هەڵکردووە و هەر لەلایەن جەماوەری کۆیلە و چڵکاوخۆری کۆیلەدارانەوە، ئەو ئاگری شەرەفە کوژاوەتەوە.
نا ! نابێ دڵتەنگی ئەو سوارچاکانە بین کە لە پێناوی خێڵی کۆیلەدا سەریان نایەوە. ئازادیی بۆ ئەوان لە هەناسە گرنگتر و لە ئاو ڕۆشنتر و لە گیان شیرینتر بوو و ئەوان بە مەرگی خۆیان سنوورێکیان لە نێوان خۆیان و کۆیلەکاندا کێشا.
بۆ کۆیلایەتیمان پێ سەیرە؟!
مەگەر هەر خۆمان نین کە ڕۆژانە و ساڵانە و چەندین دەیەیە، زنجیر و پاوەنەکانی کۆیلایەتی لە گەردن و پێمان توند دەکەین؟
بەڵێ هەر خۆمانین و کەس تاوانباری ئەم بندەستبوون و پەستییەتیی کۆیلایەتییە نییە. هەر خۆمان نین لە بەردەم بکوژانماندا هەڵدەپەڕین و پێشوازییان لێدەکەین و لێیان دەپاڕێینەوە و پیایاندا هەڵدەڵێین؟ هەر خۆمان نین، شوێنی خۆشاردنەوەی ئازادیخوازان ئاشکرا دەکەین؟
هەر خۆمان نین خاک و شار دەفرۆشین و بە قۆنتەرات لووتکە ئازادکراوەکان، جارێکی دی دەخەینەوە ژێر پۆستاڵی تاران و دیمەشق و بەغدا و ئانکاراوە؟ هەر خۆمان نین ڕۆژانە هێز دەدەین بەو بە ناو ڕێبەر و سەرۆکە دەبەنگە خۆبەکەمزانانە تا هەرزانفرۆشمان بکەن؟ بەڵێ هەر خۆمانین!
مرۆڤ و نەتەوە، زادەی بیر و فانتازیای خۆیانن. بیر و خەیاڵی سەربەستیی، ئازادیی بەرهەم دێنێ و بیر و فانتازیای زاڵی کوردیش ئەو کۆیلایەتییەی بەرهەم هێناوە کە نەنگی مرۆڤایەتییە. پێویست ناکات هەسارەکان داگرین بۆ زەوی، تەنیا بەسە کە بیرمان ئازاد و خەیاڵمان درەوشاوە بێ بۆ بەرەو دەوڵەتی کورد.
همەوو گەلی کورد بە تایبەت کوردانی ڕۆژهەڵات هەر لەئێستەوە و ئاتیدا ئاگاداری وەزعەکە بن داگیرکەرانی وڵاتەکەمان بۆ کوشتن و لەناوبردنمان قەد کۆتایی ناکەن پێیان خۆشە هەموو کات ئێمە کۆیلەی ئەوان بین بەڵام خەیاڵی خاوە.