راگەیاندراوی بزووتنەوەی هیوا
هاونیشتمانیان و گەلی وڵاتپارێز
هەر وەکوو ئاگادارن لە ڕۆژی ۱۹ی ڕەشەمە، شەش کەس لە گروپی جۆرج تاون، کە بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێران بەیعەتیان بە ڕەزا پەهلەوی دابوو، لە ژیرناوی مەنشوور «مەهسا» هەمبەستگی بۆ ئازادی ئێران، ڕەشنووسێکیان بە واژۆ کراویی بڵاو کردەوە، کە دەقی ئەم بڵاوکراویە، بێجگە لە ساخ کردنەوەو درێژکردنەوەی تەمەنی دەوڵەت نەتەوەی فارس، بۆ پاراستنی جوغرافیای ئێرانی جەعلی، هەڵگریی هیچ پەیامێکی تازە نەبوو.
شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، کە لە کوردستان سەرهەڵدەدات و هەموو ئەم جوغرافیا ساختەیە دەگرێتەوە، شۆڕشێکی شوناس خوازانەو دێمۆکراتیکە، لە دژی هەموو سیاسەتێکی سەد ساڵەی کۆڵونیالیزمی ئێرانی جەعلی.
ئەم مەنشوورەی کە بڵاوکراوەتەو، بە بەراورد لەگەڵ قانونی بنەڕەتی ڕژێمی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی، هیچ جیاوازێکی نییە، بەڵام بۆ بەلارێدا بردنی ڕای گشتی چەند دەستە واژەی سواوی وەکوو سێکۆلاریزم و دێمۆکراسی پێوە زیادکراوە، واتا دەستاودەست کردنی دەسەڵات لە شێخ بۆ شا.
شۆڕشی ڕادیکاڵ و دێمۆکراتیکی گەلان، کە گۆڕانی بنچینەیی بەدوای خۆیدا دێنێت، لە بەرژەوندی وڵاتانی ڕۆژئاوایی نییە، کە هەمان سیاسەتی کۆلۆنیالیزمی نەتەوە سەردەستەکان پەیڕەو دەکەن، هەر بۆیە لەگەڵ ڕۆحی ئازادی گەلان نامۆن و ناخوازن، کە لە دەرەوەی زێهنیەتی ئەوان هیچ شۆڕشێک بگاتە ئەنجام، لە پەیوەندی بە شۆڕشی ژن ژیان ئازادیش، ئەوان مۆرەکانی خۆیان بە هاوکاری بەشێکی زۆر، لە سپای پاسداران و رێفۆرمیستەکانی ناو خۆ بکار دێنن، بە مەبەستی ساز و سەودا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی. بۆیە میللەتی کورد و گەلانی ژێر دەست هیچ پێویستیان بە ئامادە کردنی ڕەشنووسێک، کە لەگەڵ ڕۆحی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، نامۆیە، نییە.
بە کار هێنانی کوردیش بۆ ڕەوایی دان بە سیاسەتی نکۆڵی کردنی گەلان، ئامانجی دیاریکراوی خۆی لە پشتە، کە دەکرێت ڕق و تورەیی نەتەوەکانی دیکەی بە دوای خۆیدا بێنێت و کوردەکان لە ناو نەتەوەکانی دیکە، وەکوو بەکرێگیراوی فارسەکان و دژە شۆڕش بخاتە بەرچاو.
لایانی بەشدار بووی کوردیش دەبێت باش بزانیت، کە ئەو بیعەتە، بێجگە لە دووبەرەکی و تێکدانی ناو ماڵی کوردی و لەبار بردنی شۆڕش، هیچ دەسکەوتێکی بۆ ئەوان نابێت، ئەگەریش پێیان وایە، کە دەتوانن لە داهاتووی سیاسیی ئێرانی جەعلی، ببنە برابەش، ئەوە لەهەڵەدان.
ئینجا هیچ حیزب و لایانێکش ناتوانێت بەناوی گەل، هاوپەیمانێتی پێک بێنێت. حیزب و لایانی کوردی کاتێک دەتوانێت، ببێتە دەنگی گەل، کە مەتمانەی زۆرینەی میللەتی خۆی بەدەست هێنابێت، نە ئەوەی کە بە خۆ فەرز کردن و چەواشەکاریی خۆی بسەپێنێت.
با ئەو ڕاستیش لە بیر نەکەین، حیزبێک یا لایانێک، ئاوا بی باکانە، بۆ گێشتەن بە دەسەڵات، خۆ بە ئاو ئاگەردا بدات، دەرخەری ئەم ڕاستییە، کە لە ناو گەل، هیچ جێگاوپێگایەکی نەماوەو، تووشی هەرەسی سیاسیی هاتووە، هەر بۆیەش بۆ مانەوەی خۆی دەبێتە ئامراز.
بزووتنەوەی هیوا، هەر لە دەستپێکی شۆڕش، ئەم بەرچاو ڕوونییە دەداتە گەل، کە ناحەزانی کورد بۆ لەبار بردنی شۆرش و خستنەوەی دووبەرەکی، لە ناو میللەتی کورد و گەلانی ئازادیخواز، هەموو ئامرازێک و رێگایەک دەگرنە بەر، بۆیە پێویستە گەل وشیار بێت و خوێنی شەهیدانی سوورخەڵاتی شۆڕش، بکات بە هەوێنی یەکگرتویی ناو ماڵی کورد.
ئێستاش هەر بۆ ئەم مەبەستە، بزووتنەوەی هیوا، هەر سازو سەودایەک، لە لایان هەر کەس و حیزبێکی کوردی، بۆ ساخ کردنەوەی ماڵی رروخاوی دەوڵەت نەتەوەی فارس، بە بەشێک لە پیلانگێری دەزانێت و بە هەموو شێوەیەک، لە دژی دەوستێتەوەو شەرمەزاری دەکات.
ئەنجوومەنی بەڕێوەبەریی بزووتنەوەی هیوا
۲۱ی ڕەشەمەی ۲۷۲۲