بە بۆنەی ۸ی مارس
ئەگەر تا ئێستا بلیسەی شۆڕشی سەربەخۆیی خوازانە، لە کوردستان خامۆش نەبووە، ئەوە تەنیا لە ئازایەتی و تێکۆشانی پیاوی کورد نەبووە، بەڵکوو ژنی کوردیش شان بە شانی پیاو، وەکوو سوارچاکی مێژوو، سەروەریی و حیماسەی خوڵقاندووە.
ژن ژیان ئازادی، تەنیا دروشمێک نییە، کە ئەمڕۆ بۆتە سڵۆگانی شۆڕش و تەنانەت سنوورەکانی کوردستانیشی بەزاندووە، بەڵکوو گرێدراوی مێژووی کوردەو خاوەن پێشینەیەکی هەزاران ساڵەیە، کە مرۆڤی کورد ژیانی تێدا ئاوا کردووە.
ژن لە مێژوو و شارستانیەتی کورد، هیچکات پەراوێز نەخراوەو خاوەن کەسایەتی و ئیڕادەی خۆی بووە، لە مێژووی هاوچەرخدا، کە کورد نەیتوانی دەوڵەت نەتەوەی خۆی پێکبێنێت و ژێردەستە ماوە، ژن بۆ ئەوەی کەسایەتی ڕووخاوی پیاوی کورد بونیاد بنێتەوە، گڕاوە بۆ پێناسە کۆنەکەی خۆی، تا وەکوو چەمکە مێژووییەکەی” ئیلاهە” ڕۆڵی سەرەکی ژیانەوە بگێڕێت و ئەرکی پاراستنی شوناس لە خۆ بگرێت.
ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوایەکان بدەینەوە، ژن وەکوو شەیتان وێنا کراوە، بەڵام لە مێژووی شارستانیەتی کورد، ژن خواوەند بووە، هەر بۆیە لە فلسەفەی یۆنانی کۆن و فەلسەفەی مۆدێڕنی ڕۆژئاوایەکانیش، ژن وەکوو خۆی نرخی پێندراوە، بەڵام لە ئەدەبیاتی و فەرهەنگی کوردیدا، کە وێژەیکی زارەکییە، ئەوە دەگەێنێت، کە ژنی کورد، وەکوو خۆر تێیدا دروشاوە بووە.
نەتەوەی بێ دەوڵەت، زۆر زوو لە ناو نەتەوەی سەردەست دەتوێتەوە، بەڵام ئەوەی کە تا ئێستا کوردی وەکوو نەتەوە پاراستووە و خاوەندارێتی لێ کردووە، ژنی کوردە، هەر بۆیە نەتەوەی سەردەست و داگیرکەرانی کوردستان، هەمیشە ژنی کوردیان کردۆتە ئامانج و بەردەوام هێرشی کراوەتە سەر، بەڵام با ئەو ڕاستیەش لەبیر نەکرێت، کە پیاوی کوردیش ژنی بە تەنیا بەجێ نەهێشتووەو، لەم پێناوەشدا هەزینەی داوە.
نابێت شۆرشی ژن ژیان ئازادی، تەنیا بە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی یا فێمێنیزمی ببسترێتەوە، بەڵکوو لە ڕاستیدا شوناس خوازانەیە، ژنی کورد تەنیا بۆ مافە زەوت کراوەکانی خۆی، وەکوو ژن شۆڕش ناکات، بەڵکوو ئامانجی سەرەکی ئەم شۆڕشە سەربەخۆیی خوازانەیە، ژنی کورد مێژووی خۆی دەزانێت، هەر بۆیە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی چ وەکوو ژن، چ وەکوو کورد، شۆڕش هەڵدەگیرسێنێت.
رەنگە ئەوە ڕاستێک بێت، کە مێژووی ژنان، لە لایان پیاوان نوسرابێتەوە، بەڵام شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، وەکوو بزووتنەوەیەکی ڕادیکاڵ و دێمۆکراتیک، ئەم مافە بۆ ژنی کورد دەگڕێنێتەوە، تا جارێکی دیکە ژنان مێژووی خەباتی خۆیان بە بزووتنەوەی ڕزگارییخوازی کوردی گرێبدەنەوەو بینوسنەوە.
لەوانەیە کۆمەڵێک لە ژنانی کورد، پێیان وابێت، کە بە هێندێک دەسکەوتی کۆمەڵایەتی، کە ئەگەر مسوگەر ببێت، ئەوە سەرکەوتن بەدەست دێنن، بەڵام لە ڕاستیدا هەتا بۆخۆیان نەچنە ناو سیستەمی سیاسیی و خۆیان بە بەشێک، لە کێشەکان نزانن، ناتوانن چالاکانە بەشداریی دەسەڵات بن.
ژنی کورد بۆ ئەوەی کە مافەکانی خۆی دەستەبەربکات، نابێت لە چاوەڕوانی ئەوە دابێت، کە بە گوتاریی پیاوی کوردی بە ئێرانی کراو، کە هەمان کەسایەتی شکستخواردووی کوردە، پرسی ژنی کوردی پێ چارەسەربکات، پیاوی کوردی بە ئێرانی کراو شوناسی خۆی لەدەست داوە، هەڵگریی گوتار و وێژمانی نەتەوەی سەردەستە، کە لە داهاتوودا، جارێکی دیکە ئەوکەشە دەخوڵقێنێت تا ژنی کورد بکرێتەوە بە ئامانج.
ژنی کورد بۆ دەست خستنی مافەکانی، سەرەتا دەبێت هەر وەکوو ئەرکە مێژوویەکەی، بێتەوە خاوەن گوتاریی خۆی، واتا شوناسخوازانە.
نابێت ئەم ڕاستیە فەرامۆش بکرێت، کە هیچ گوتارێک لە دەرەوەی دەوڵەت، ناتواێت بێتە گوتاری زاڵ، بۆیە ئەگەر ژنی کورد دەخوازێت، بێتە خاوەن وێژمانی خۆی، دەبێ ئاگادار بێت، کە لە دەرەوەی پرسی کورد و سەربەخۆیی، پرسی ژنی کوردیش چارەسەر نابیت.
ئەنجوومەنی بەڕێوەبەریی بزووتنەوەی هیوا
۱۶ی ڕەشەمەی ۲۷۲۲