د.کەماڵ سولەیمانی
تکایە هیچ کەس هەوڵ نەدات، کە گەمە بە عەقڵی خەڵک بکات و پێمان بڵێت؛ کە ڕەزا پەهلەوی پێش ئەو دوو وتووێژە ”دێمۆکراسیخواز” بوو و پێشتر بە توییت هەوڵی دەدا کە ”دێمۆکراسیخوازانی ئێرانی” لێک نیزیک بکاتەوە. بەڵام، ئێستا و لەو چەند ڕۆژەدا بووە بە فاشیست و تەواویەت خواز. ڕەزا پەهلەوی ٤٣ ساڵ پێش وەکوو منداڵ و پاشەکەوتی نێرینەی [اعقاب ذکور، بە پێی یاسای بنەڕەتی مەشرووتە] بنەماڵەی پەهلەوی سوێندی پاشایەتی خواردووە. وەکوو گەورە نێرینەی ئەو بنەماڵەیەش پاشایەتی ئێرانیش بە مافی خۆی دەزانێت. جا بە نووسینی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، نە دەبێ بە یەکسانیخواز و نە ئامادەشە کە پۆستی پاشایەتی بدات بە ژنێک. هەر وەکوو بۆ دیفاع لە سیکۆلاریزم، قەت ئامادە نییە یاسایی بنەڕەتی مەشڕووتە بەرێتە ژێر پرسیار کە دەڵێ ئەرکی شای ئێران کە مەزەهەبی حەقەی جەعفەرییە تەرویج بکات.
ڕەزا پەهلەوی زۆر لە خومەینی فێڵبازترە. لە تەواو ئەو ماوەیەدا خۆی وەکوو دێمۆکرات و سێکۆلار و لایەنگری سەروەری یاسا ناساندووە. بەڵام قەت کێشەی بۆ سوێندەکەی ٤٣ ساڵی پێشی خۆی ساز نەکردووە؛ لە حاڵێکدا هەر بە پێی ئەو یاسایە، یاسای لە ژێر پێناوە. لەبەر ئەوەیکە بە پێی ئەو یاسایە دەبێ مورەوویج و بڵاوکرەوەی شیعەگەری بێت، نەک سیکۆلار. دەبێ لایەنگری حاکمیەتی شیعەی دوازدە ئیمامی بێت، نەک دێمۆکراسی. دەبێ بۆ بوون بە پاشای ئێران دەبێ لە مەجلیسێکی ئێرانی و لە ئێران سوێند پاشایەتی بخوات، نەک لە قاهیرە و لەگەڵ دووسێ نۆکەری غەیرەڕەسمی. بەڵام، ٤٣ ساڵە گەمە بە عەقڵی خەڵک دەکات وخۆی وەکوو کەسێک لە سەرەوەی گەمەی سیاسییە، دەناسێت و وەکوو وشترمرغ هەر کاتیش کە کوتیان بار بەرە دەڵێ وشترم و کە کوتیشیان هێلکە بکە دەڵێ مریشکم.
سەبارەت بە تەعامول و هەڵسوکەوتی دیموکراتیکی لە کردەوەشدا، مەعلوومی عامە. لە هەموو ئەو ماوەیەدا گرووپی جۆراوجۆری وەکوو فەرەشگەرد و تەرەسگەرد و دەیان گرووپی شاهۆڵلاهی دیکە و بێ ئەخلاق تر لە حیزبوڵڵا لە موخالیفانی بەردواوە و قەت جارێکیش داوای هێور بوونەوە بە فێلیش لێ نەکردوون. لایەنگران ڕەزا پەهلەوی، زۆر لە مەسعود نەمکی و ئەڵڵەکەرم و ئەوانە بێ ئەخلاقانە تر لەگەڵ هەموو کەسی غەیرە سەڵتەنەت هەڵسوکەوتیان کردوە.
تیۆریسیەنەکانیش بە هەر جۆرێک کە لەگەڵ حوسەینی شەریعەتمەداری و ڕۆژنامەی کەیهان بەراوردیان بکەیت، کەم ناهێنن. هەر لە ماوەی شۆڕشی ژینادا، زۆر جار دیتوومانە کە لە شەقامەکانی ئورۆپا گەنجی کوردییان کە جل و بەرگی کوردییان لەبەردا بووە، لینچیان کردوون. بەڵام، قەت ڕەزا پەهلەوی خۆی لەو گرووپی فشار سەڵتەنەت، بێ سەحەب نەکردووە و خۆی لێ بێبەری نەکردوون.
ئەوە گلەیی لە ڕەزا پەهلەوی نییە، ڕووی ئەو قسانە لەگەڵ سیاسی کوردە. هێندێک ئەوڕۆ دەیانهەوێ بڵێن کە تووشی جۆرێک لە موکاشەفە و (apophenia) بوونە و بە شێوەی کەشف و کەرامەت و لەناکاو پەیوەندی نێوان ڕەزا پەهلەوی و فاشیزمیان بۆ دەرکەوتووە. بەیانتان باش. بەڵام، ئەمڕۆ ناتوانن بڵێن نەماندەزانی کە ڕەزا پەهلەوی دێمۆکرسیخواز نییە، دوای ئەو دوو وتووێژەی ئەو دوایەی بۆمان دەرکەوتووە. یان ناتوانن وا بنوێنن کە ساویلکە بوونە و فریوتاان خواردووە و بە تویتێک هەموو ئەو ڕابردووە دەشۆرێتەوە. هیچ کەس باوەڕ بەو شتانە ناکات.
دیسانیش کە هەر دەڵێن لەبەر ساویلکەی نەتان دەزانێ و فریوی ڕەزا پەهلەویتان خوارد بوو، ئێستا دەتانەوێت چ ڕێگایەک بگرنە پێش بۆ پێشگرتنی لە فریو خواردنی دیکە لە داهاتوو. ئەگەر ساویکەش ببن و فریویشتان خواردبێت، دەبێ ماف بدەن بە خەڵک کە متمانەی بە توانای قەزاوەت و هەڵسەنگاندنی ئێوە نەمێنێت. کەس ناتوانی دڵنیا بێت کە بە زوویی و لە جێگایەکی دیکە فریوی فاشیستێکی دیکە نەخۆن. بۆیە من چەند پێشنیارم هەیە بۆتان:
١) ئەو سلیبریتی و تی ڤییە فارسانە بە جێ بڵێن و سەرێک لە هێزکانتان بدەن و بزانن دوای ساڵانێک زۆر ئەوان لە کوردستان لە چ حاڵێکدان و بەتایبەت بزانن کە دوای لەدەستدان و بریندار بوونی هاوسەنگەرانیان چ جۆرە پێویستییەکیان هەیە.
٢) لەگەڵ کادر و پێشمەرگەکانتان قسە بکەن بزانن کە چۆن دەرکرێ فەزای نێو حیزبی دیمۆکراتیک بکەن و بۆ ئەوەیکە تاکە کەسێک و لە سەرەوە هەرچۆنێک پێی خۆشبوو نەتوانێ بڕیار بدات و بۆ ئەویکە هەموو مافی بڕیار لە دەست تاکەکەسی ساویلکە بێتەدەر و بە ئاسانی جارێکی دیکە فریو نەخوات.
٣) بەو گروهە فشارانەی سەر سۆشیاڵ میدیا بڵێن کە ڕۆژ تاکوو ئێوارە، جنێو بەم و بەو نەدەن با خەڵک بتوانێ ڕەخنە بگرێت و لەو هەلومەرجە هەستیارەدا با فەزایەکی دیالۆگی کوردی ساز بێت. با لەو فەزایەدا ئیمکانی لێک نیزیک بوونەوەی هەرچی زۆرتری تاک و حیزبی کوردی مومکین بێت.
٤) وەکوو لایەنێکی سیاسی، هێندەی خۆتان بە سلیبریتی فارسەوە ماندوو دەکەن و ئەوەندەش هەوڵ بدەن کە لەگەڵ لایەنە کوردەکان دابنیشن. هەموو دەزانین کە داهاتوویەکی زۆر نادیار لە پێش کوردە و یەکێک لە سەرەکیترین میکانیزمەکانی بەرگری لە پێش کورد، یەکگرتوویی و هاودەنگیی ناو خۆیەتی. ئەوەش بە بێ کارکردن و هەوڵدان جێبەجێ نابێت.
لانی کەم ئێستا کەس ناتوانێ ئینکاری بکات کە بەشێکی زۆر لە پۆزیسیۆنی حاکم و غەیرە حاکمی فارس، دوژمنایەیەتی هەیە لەگەڵ سەرەتاییترین ویستەکان کورد.
شایەد باشترین شتێک کە بەشێک لە سیاسەتی کوردی ئەوڕۆ دەتوانی بیکات، پێداچوونەوەیەکی ورد بێت بەو هەوڵە بێ کەڵکانی کە بۆ نیزیک بوونەوە لە سەڵتەنەت تەڵەبان و لە ئیجماعی شوینیستی فارس لەو چەند مانگەی ڕابردوودا. بە خۆشییەوە ئەو مێژووە زۆر دوور نییە و کەم حافزە ترین کەسەکانیش بە بێ خۆ ماندوو کردن دەتوانن وەبیر خۆیان بێننەوە کە چ هەوڵێک بۆ ڕەزایەتی سەڵتەنەت تەڵەبان و شۆوینیستەکانی فارس دەدرا. ئەو هەوڵانەی لەو ماوەیەی ڕابردوودا بۆ شاردنەوەی لە نەهێنا ناوی ژینا ڕا بگرە تا دەست هەڵگرتن لە هەموو جۆرە هێمایەکی نەتەوەیی لەلایەنی سیاسییانە کوردەوە دەدرا، خەریک بوو کە ببێ بە بەشێک لە ”عەقڵی سەلیم و کامن سنسی” لە سیاسەتی کوردیدا.