شۆڕشی ژینا لە دەستپێک، کە وەکوو ڕەوتێکی فێمێنیزمی خۆی پێناسە کرد، خاڵێکی وەرچەرخان بوو، لە خەباتی کلاسیکی رزگاریی خوازانەی گەلی کورد، پاڕادایمێکە بۆ بەرەنگار بوونەوەی سیستەمی کۆنەپارێز و کۆلۆنیالیزم ئێرانی جەعلی.
خۆی تەیار کرد، بە سڵۆگانی ژن ژیان ئازادی.
ئایدۆلۆژی داگیرکەر، لە بەرامبەری دا بێ کارامە بوو، لێرەدایە کە ڕۆحی ژینا، واتا نیشتمان، دەبێتە زین، کوردستانیش دبێتە مەم، تا خوێن و ئەوین ئاوێتەی خاک بکات.
شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تەنیا بۆ گۆڕینی ڕژێم نییە، بەڵکوو شوناس خوازانەیە، لە دژی داگیرکەری و کۆڵۆنیالیزمی ئێرانی جەعلی و نەتەوەی سەردەست.
داخوازی نەتەوەی کورد، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پێچەوانەی هێندێک حیزب و لایانی کۆنسرواتیڤ و کلاسیکی کوردی، ڕادیکاڵ و جەوهرییە، ئەو لایانە کلاسیکانە ئێستاش وا نیشان دەدەن، کە ئەوان پێشەنگایەتی ئەم شۆڕشە دەکەن، هێشتاش هەر بە شۆڕشی گەڵان دەڵێن؛ خۆپێشاندان و ناڕزایەتی، بەڵام کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەوندە سیاسی هەیە، کە ڕێگا بە حیزبی کردنی شەقام نەدا، هەرچەند کە لە هەموو لایەکیشەوە، هەوڵی دەست بەسەر داگرتنی شۆڕش هەیە، ئەمەش بۆتە بەشێک لە نیگرانی گەل.
هیچ حیزب و لایانێک بۆی نییە، کە خۆ بە نوێنەری موتڵەقی نەتەوەی کورد، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بزانێت، ئەگر دوو لایانی ناوەندی هاوکاریی پێیان وایە، کە ئەوە ئەوان بێ ئەم لاو ئەولا، نوێنەرایەتی گەلی کورد، لە ڕوژهەڵاتی کوردستان دەکەن، لە هەڵەدان، هەر لایانێکی سیاسی دەلالەت لە بوونی خۆی وەکوو حیزب دەکات، نە گەلی کورد.
بوونی ئەوان بە بەردەوامی لە مێدیا و TV فارسەکان، نایاتە ئەو واتایە، کە ئەوان نوێنەرایەتی گەل دەکەن، و زمان حاڵی کوردن لە ڕۆژهەڵات، نابێت ئەو ڕاستییە شاراوە بێت، کە ئەوان تەسلیمی خواستی نەتەوەی سەردەست بوون، هەر بۆیەش مێدیای نەتەوەی سەر دەست و ناوەندگرا، بانگیان دەکات و ویست و ئیرادەی خۆیان بەسەردا دەسەپێنێت، فارسەکان دەخوازن لە ڕێگای ئەوان شۆڕشی کورد و گەڵانی ژێر دەست بێ بایخ بکەن.
تا ئێستاش بۆێری ئەوەیان نەبووە، کە خۆیان بە کوردستانی بوون پێناسە بکەن و باس لە جوغرافیای کوردستان، وەکوو وڵاتێکی داگیرکراو بکەن، بۆ ئەوان وەکوو لایانێکی کوردی، مێژووی دەست کردی ئێران جەعلی نازانن؟ کە ناگاتە سەدەیەک.
چۆن دەکرێت لایانێک هەر لە ئێستاوە خۆی وەکوو دەسەڵات بناسێنێت، بەڵام بۆێری ئەوەی نەبێت باس لە ماف و خواستی گەلی کورد بکات، زۆر شەرمنانە خیانەت بە رەنج و تێکۆشانی گەلی خۆیان بکەن، بۆ مەگەر ویست و داخوازی گەلی ئیمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تەنیا گۆڕینی ولایەتی فەقی بۆ پاشایەتییە؟
باس لە دێموکراسی دەکەن و ئامادەن هەموو تەنەزولێک بۆ نەتەوەی سەردەست بکەن، بەڵام ئامادە نیین، لەگەڵ هیچ لایانێکی دیکەی روژهەلاتی کوردستان، کە بیروڕای جیاوازیان هەیە گفتگۆ بکەن.
لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان هێندە خۆ بە نزیک دەزانن و شانازی بەم نزیکایەتێش دەکەن، کە ئاڕاستەی خەباتیان گۆڕیوە بۆ دێمۆکراتیزەکردنی ئێران، بەڵام بە خوێن و دەست مایەی منداڵی فەقیرو هەژاری کوردستان.
ناوەندی هاوکاریی کوردەکانی ئێران، چۆن ئیجازە بە خۆیان دەدەن، بە بێ بەشداری لایانە سەربەخۆیی خوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پرسی کورد بە شارومەندی ئێرانی یەک لا بکەنەوە، یا ئەوانیش هەر بە مێنتالیتەی نەتەوەی سەردەست بە عەقڵیەتی پاونخۆازی چاو لە کۆمەڵگای خۆیان دەکەن.
ئەگر ئەمڕۆ ئێوە لە کۆڕ و کۆبوونەوەی ئەوان بوونتان هەیە، ئەوە هۆکارەکەی ئەوە نییە کە ئێوە لایانی سەرکین، بەڵکوو فارسەکان لایانی نیشتمانی و شوناس خوازی کوردیان بۆ تەحەمول ناکرێت.
ناوندی هاوکاری، کە هەموو شتێک دەکەنە قوربانی بەرژەوندی خۆیان، دەتوانن خواست و ئیڕادەی خۆیان بخەنە پاڵ دەنگی کۆڕەکەی حمەڕەزا پەهلەوی، و کۆمەلێک سلبریتی، بەڵام ناتوانن بە موماشات، ئیرادەی ئەوان بە سەر کوردی ڕۆژهەڵاتدا زاڵ بکەن، ئەوان ناتوانن دەلالەت لە نوێنەرایەتی گەلانی ژێر دەست و خەڵکی ئازادی خوازی ئێرانی جەعلی بکەن، ویست و داخوازێکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوون و ئاشکرایە، تاوانە بە نێوی ئۆپۆزسیۆن کوردی پێیان وابێت، کە دەتوانن جارێکی دیکە گەلی کورد، برنەوە سەر بەڕەکەی پێشوو.
ئەگەر ڕژێمی فاشیزمی کۆماری ئیسلامی بە ئایدۆلۆژی ئیسلامی ٱثنا عشریه کورد دەکوژێت، ئەوە سبەینێ بە ئایدۆلۆژی فاشیزمی نەتەوەی پەرەستی ئێرانی، جارێکی دیکە خوێنی منداڵی فەقیر و هەژاری کورد بڕژێنن.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردی ئێرانی، وەکوو حیزب و لایان مافی خۆیانە دەگەڵ کێیان پێی خۆش بێت، دانیشتن بکەن، بەڵام ناتوانن خواستی خۆیان بسەپێنن، ئەگر پێشێان وایە چونکە هێزی چەکداریان هەیەو باڵا دەستن، ئەوە ئەم شۆڕشە سەنگی مەحەک بوو، بۆ تاقی کردنەوەی زۆر لایان، بینیمان کە چۆن داویان لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرد، کە بیان پارێزن و بێ دەسەڵات مابوونەوە، بوون لە باشووری کوردستان، نایاتە واتای هێز، چونکە دەسەڵاتی باشوور بۆ خۆی ناتوانێت، سەروەریی خاک و ئیرادەی خۆ بپارێزێت، ئێستا چۆن لایانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانێت، لە باشووری ژێر سێبەری کۆماری ئیسلامی، خاوەن هێز و ئیڕادە خۆی بێت.
گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕەنج و تێکۆشان و ڕەژانی خوێنی سەدان شەهید، ماوەی زیاتر لە سەد ڕۆژە بە دەستی بەتاڵ، لە بەرامبەر دەرندەترین و فاشیزم ترین ڕژێمی مێژووی مڕۆڤایەتی دا ڕاوستاونەتەوە، گەلی برسی و زامدار، لە دژوارترین بارودۆخدا، هێشتا ئامادە نییە، ئیرادەی خۆی تەسلیمی داگیرکەری ئێرانی بکات، ئەوە چۆنە هێندێک لایان ئیجازە بە خۆیان دەدەن، کە بە ناوی گەلی کورد سەرقاڵی ساز و سەودا بن!
بزووتنەوەی هیوا