شۆڕش لە خوێن ناترسێت
ڕژێمی داگیرکەر و فاشیزمی ئێرانی جەعلی، لەوانەیە بتوانێت بە دەیان جار سەرهەڵدانی گەلی کورد و گەلانی ڕزگاریی خواز، سەرکوت بکات، بەڵام ناتوانێت شکست بەشۆڕش بێنێت، ئەوەی هەنوکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرچاوە، واقعی شۆڕشه کە لە فۆڕم و قەوارەی سوبژەکتیڤ دەرکەوتووەو بۆتە ڕاستێک، کە نکۆڵی و حاشای لێ ناکرێت، دەتوانێت بەردەوام خۆی ئەکەتیڤ و چالاک بکاتەوە، گرنگ ئەوەیە گەل بتوانێت، تەنیا یەکجار سەرکەوتنی گەورە بەدەست بێنێت، تا ئەو ڕۆژە مەزنەی، کەوا دەمێکە وەکوو خەون و خەیاڵ لێی دەروانێت، بێتە دیی.
ڕژێمی داگیرکەر و فاشیزمی ئێرانی جەعلی، زۆر جار بە هەموو توانایەوە ویستویەتی شۆڕش دابمرکێنێت و سەرکوتی بکات، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە گەلی کورد و خەڵکی ئازادی خوازە، کە بڕیاری سەرکەوتنیان داوە، گرنگترین فاکتەر لە هەر شۆڕشێکدا، ڕێژەی بەشداری هەموو چین و توێژەکانە، کاتێک گەل بڕیار دەدات کە سەر شەقام چۆل نەکات، ئەوە هیچ هێزێک توانای بەرەنگار بوونەوەی نییەو ناتوانێت ئیڕادەی گەل بشکێنێت.
شۆڕش بۆ بەرفراونتر بوونی، پێویستی بە بەستێنێکە تا گشت کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان تێیدا بەشدار بن، گرنگە لەباری ڕۆحی و مادی پشتیوانی لێ بکرێت، لە دەسپێکی شۆڕشدا نابێت چاوەڕوانی ئەوە بکرێت، کە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بەشدار بن، بەڵام بەرە بەرە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەل بە هێزتر دەبێت و دەسەڵات لاوازتر، ئینجا شۆڕشیش گشتگیرتر دەبێت.
لەوانەیە دەسەڵات بە زەبر و زەنگ بتوانێت بۆ چند مانگێک شۆڕش کپ بکات، بەڵام ئەوە بە مانای کۆتایی شۆڕش نییە، شۆڕش بە ڕۆژێک و دوان، یا چەند مانگ سەرناکەوێت، هەموو شۆڕشەکان پێویستیان بەکات و زەمەن هەیە، بۆ نمونە شۆڕشی فەرانسە یا شۆڕشی ڕوسیە دەیان ساڵی خایاندووە، تا بتوانێت سەرکەوێت، بۆیە ئەم مێنتالیتەیە هەڵەیە، کە ئەگر هەر ئێستا شۆڕش سەرنەکەوێت، ئەوە شۆڕش شکستی پێهاتووە، شۆڕش پێویستی بەسەبر و پشوو درێژی هەیە، لەهەمان کاتیشدا ڕەنج و تێکۆشانی خۆی گەرەکە.
ڕژێم وا نیشان دەدات، کە سیستەم و دامودەزگاکانی هەروا خاوەن هێزن و هەموو شتێک وەکوو پێشوو لە کۆنتڕوڵی خۆی دایەو، بۆ ئەم مەبەستەش بۆ چاو ترساندنی شۆڕشگێران هەموو ئامرازێک بکار دێنێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی کە زەراوی لە شۆڕشی گەلان چووە، خودی ڕژێمە.
چەک و چۆڵی ڕژێم، شۆڕشی پێ دانامرکێت، تەنیا توانای ڕەشتنی خوێنی هەیە، نە سڕینەوەی باوەڕ، خوێن لە جەستەی شۆڕشدا وەکوو ئایدیا دەمێنێتەوە، کەواتا خوێن و گیان لەدەست دان ترسناک نییە، بەڵکوو ئەوە مڕۆڤەکانی دەرەوەی شۆڕشن، کە هەمیشە لە خوێن و مەرگ ترساون.
چەمکی شۆڕش بێ توندو تیژی پێناسە ناکرێت، دەسەڵات بۆ مانەوەی خۆی زەبر و زەنگ بکار دێنێت، ئازادی خوازانیش بێ وچان سەنگەری خەبات چۆل ناکەن، شۆڕش هەمیشە ئامادەیە خوێن بدات، لە ڕاستیدا نرخی هەموو شۆڕشەکان گڕێدراوی خوێنە، شۆڕشی جدی خوێنی گەرەکە، ئەمە هیچ دروشم نییە، بەڵکو ڕاستێکە، کە ژانی گەل هەوێنێتی، شۆڕش جەژنی گەلانی ژێر دەست و خەڵکی ئازادی خوازە.
شۆڕش ڕۆحی تازە دەبەخشێتە گەل و زیندووی دەکاتەوە، کاریگەریی لە سەر سایکۆڵۆژی کومەڵگا هەیە، تاک لە باری دەرونی هەست بە گۆڕانکاریی بنەڕەتی دەکات، بۆ نمونە هەر لە دەستپێکی ئاخیز، کۆمەڵگای کوردستان ڕەنگ و نەخشی شۆڕشی بەخۆوە گرت و گەل بە مۆڕاڵەوە هەستی بە بەرپرسیارێتی کردووە، بۆیە ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خاوەندارێتی لە بنەماڵەی شەهیدان و بریندارەکان، بۆتە ئەرزەش.
ئەم کەش و هەوایەی کە شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خوڵقاندویەتی، توانی بنەماڵە شەهیدەکان بە ڕێکخستن بکات، یەکم جارە لە مێژوویی خەباتی گەلی کورد، بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە گەل لە قوربانییەوە بۆ بکەر خۆی پێناسە بکات و لە جێگای خۆ چەمانەوەو شین و ڕۆڕۆ، تەرمی ڕۆلەکانیان بە دروشمی نیشتمانی ئەسپاردەی خاک بکەن و داوای تۆڵە بکەنەوە، ئەویش نە لە شەخسێکی حەقیقیی، بڵکوو بە مەخاتەب گرتنی سیستەم و دەسەڵات، کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئێستا ئەوندە سیاسی بووە، کە چی دیکە بە عەتف و سۆز لە خەبات نزیک نەبێتەوە.
شۆڕش، ئازادی خوازەکان لە دەوری خۆی کۆ دەکاتەوەو، لیدەر و ڕێبەر بەرهەم دێنێت، هەموو شۆڕشەکان بە شێوازێکی خۆرسک ڕێبەر ساز دەکەن، ئەوان بەرهەمی شۆڕشن و شەقام وەکوو گەورەترین زانکۆ و فێرگە، شۆڕش بێ ڕێبەر ناهێڵێتەوە.
گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر، باەوەڕی بە خۆی دێنێت و بیر و هزری پاشکۆ بوون و ژێردەستەبوون لە گۆڕ دەنێت، ڕێگرە لە ئاسمیلاسیون نەتەوەکەی، باشترین ڕۆڵەکانی پێشکەشی نیشتمان دەکات و قەتڵ و ئێعدام نەک نەیتوانیوە شۆڕش سارد بکاتەوە، بڵکوو وەکوو بلیسەی ئاگری شۆڕش، بە گژ داگیرکەر و دوژمنانی گەلی کورد دا دەچێتەوە.
هۆکاری سەرەکی ڕووخان و لەناو چوونی ڕژێمە تۆتالیتارەکان دەگرێتەوە بۆ ئەو عەقلییەتەی کە پێیوایە دەتوانێت ڕۆحی بەرنگارێ لەو کەسانە داماڵێ کەنەیاری ئەون، بەڵام ئێستا نەوەیەک پێگێشتووە کە مەرگ بۆ ئەو ئیدی ئەو هێما سامناکە نییە، هەر مەرگێک خاوەن پەیامێکە کە ڕۆح ئاوێتەی شۆڕش دەکات و مانای پێ دەبەخشێت، شەهادەت و فیداکاریی لە پێناو ڕزگاریی و ئازادی بۆتە ئەرزەش، ئێستا دایکانی کوردستان ڕۆڵەکانیان پێشکەشی نیشتمان دەکەن، ئەوە بەرزترین ئاستی خەبات و تێکۆشانی میللەتێکە، کە بڕیاری داوە چی دیکە بە ژێردەستەیی نەمێنێتەوە.
نەمانی ترس لە مەرگ و خوێن، واتا سەرکەوتن، ئێستا ڕۆژهەڵاتی کوردستان نە لە مردن دەترسێت نە لە خوێن، هەر بۆیە سەرکەوتن لە بەرزترین لوتکەی کوردستان، هاواری ڕزگاریی هەڵگرتووە.
سەربەرز