باب نۆکەری تیرۆریستەکان
ڕۆژی پێنجشەممە 16ی بەفرانبار ڕێوڕەسمێک لە شاری سلێمانی بە ئامادە بوون و بەشداری پرۆکسییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە مەبەستی یاد کردنەوەی کوژرانی تیرۆریست قاسم سولەیمانی بەڕێوە چوو، تا وەکوو هەمیشە لە خزمەت سیاسەتەکانی ڕژێمی ئێرانی جەعلی دابن. حیزبەکانی دەسەڵات یا هەمان پڕۆکسییەکانی کۆماری ئیسلامی وەکوو ئەرکی مێژوویی خۆیان، کە هەر لەسەر ئەم ئەساسەش دامەزراون، بەوپەڕی بێ شەرمی و ڕوو هەڵماڵ دراوی وەکوو پیشەی هەمیشەیی خۆیان، کەوتنە ستایش کردن و پێداهەڵگوتنی قاسم سولەیمانی، پێکهێنانی ئەو مەڕاسیمەش هەر لە چوارچێوەی پڕۆژەی ئێرانی فەرهەنگی دایە، کە بۆ ئەو مەبەستەش چەندین ساڵە کاری بۆ دەکرێت.
لە دوای ڕاپەڕینی گەلەکەمان لە باشووری کوردستان، کە دەکرا وەرزێکی نوێ بێت لە خەبات و تێکۆشانی ڕزگاری خوازانەی گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان، کە چی مەخابن هەر لە دەسپێکەوە پڕۆکسییەکانی ئێرانی جەعلی، کە لە مەکتەبی ام القرا و قەرارگای ڕەمەزان پەروردە و ئەرک دار کرابوون، بە یارمەتی داگیرکاران دەستیان بە سەر شۆڕشەکەدا گرت تاکوو بتوانن گەلی کورد لە باشووری کوردستان بە بارمتە بگرن و بێجگە لە بە تاڵان بردنی ژێر خان و سەر خانی ئابووری، تۆیی بێ هیوایی و نائومێدی لە ناو کۆمەڵگادا بچێنن و هەستی نەتەوایەتی لە باشوور بەرەو نەمان بەرن.
گەلێک ساڵە خەلکی بە زاڵە هاتووی باشووری کوردستان
بەردەوام ناڕەزایەتی خۆیان لە دژی ئەم دەسەڵاتە بەکرێگیراوە دەردەبڕن و خۆپیشاندان وەڕێ دەخەن، بەڵام تاران و ئەنکەرا و بەغدا هەموو جارێک پێش لە هەرەس هێنانی پیاوەکانیان دەگرن و سەر لە نوێ دەیان خەنەوە سەر پێ، تا بتوانن لە ڕێگای ئەوانەوە، بە گشتی شۆڕش و خەباتی گەلی کورد بەرەو شکست و نەمان بەرن.
کاتێک نەچیروان بارزانی لە تاران دەڵێت ئێمە بەشێکین لە ئێران و کۆماری ئیسلامی، ئەمە لە ڕاستیدا تەنیا هەر خۆ بە بەکەم زانین و موخلیس بوون سەبارەت بە ڕژێمی ئێرانی جەعلی نییە، بەڵکوو پڕۆژەیەکە کە چەندین ساڵە ستارتی لێدراوە. ئێستاش کە ڕژێمی داگیرکاری ئێرانی جەعلی لە هەموو بارێکەوە لە ئاستی نێونەتەوەییدا کز و گۆشەگیر کراوە، پڕۆکسییەکانی لە باشووری کوردستان دەخوازن بە هەر شێوەیەک بێت ئێران لەو قەیرانانەی کە ڕووبەڕووی بۆتەوە دەرباز بکەن،
گەلی کورد بە گشتیی و بە تایبەت لە باشووری وڵات دەبێ زۆر هوشیارانە بەرەنگاری ئەم پیلانە چەپەڵانە ببنەوە. پێویستە گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان بەو پەڕی دڵسۆزی وەکوو ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی پارێزگاری لە کەرامەتی نەتەوایەتی بکات و تەواوی ئەو کەناڵە ئاسمانییانە، کە سەر بە حیزبی دەسەڵاتن لە باشووری کوردستان بایکوت بکرێت، تا ڕێگا بە داگیرکەران ندرێت لە بەرگی کوردیدا میوانی ماڵەکانیان ببن و نەتەوەکەمانی پێ ژەهراوی بکەن. پیویستە میللەتی کورد خاوەن دارێتی لە شۆڕشی خۆی بکات و خەبات و تێکۆشان بگەیەنێتە بەرزترین ئاستی خۆی، تا بە شێوازێکی ڕادیکاڵ و مەیدانی شکست بەم هەنگاوانە بێنن، کە بۆ لاناوبردنی بزووتنەوەی کورد هەڵیدێنن.
هەر سەرکەوتوو بێت کورد و کوردستان
ئەنجومەنی بەڕێوەبەری بزووتنەوەی هیوا
۱٨ی بەفرانباری ۲۷۲۱