دەوڵەتی دێمۆکراتیکی کوردستان
دەوڵەت بە دوو فۆرم و پاڕادایم، کە یەکیان وەکوو چەمکە مێژووییەکەی و ئەوەی دیکەشیان وەکوو چەمکە مۆدێرنەکەی هەرکام بە کۆمەڵێک جیاوازی و تایبەتمەندی بە خۆیانەوە پێناسە دەکرێن. زۆرێک لەم چەمکانەش کە ئەمڕۆ باسیان لەسەر دەکرێت، لە کۆنەوە بۆ مۆدێرنیتە، پێناسەی جیاوازیان هەیە، بێ گومان چەمکی دەوڵەت نەتەوەش لەم تاقم و دەستەییە. دەوڵەت وەکوو پێناسە کلاسیکەکەی، دامەزراوەیەکە لە پانتایی ئەو قەلەمڕەوی، کە تێیدا فەرمانڕەوایی دەکات. پێش لە چەمکی دەوڵەت نەتەوە، دەوڵەتی کوردیش وەکوو یەکێک لە کۆنترین دامەزراوەکانی مێژوو، بوونی هەبووە.
چەمکی دەوڵەتی کلاسیک، لە کوردستان، وەکوو دامەزراوە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیمپراتۆری و شارستانییەتی کوردەکان، بەڵام کاتێک باس لەسەر چەمکی دەوڵەتی مودێرن دەکرێت، ئەوە مەبەست لە دەوڵەتی کۆن و باستان نییە، بەڵکو باسی دەولەت نەتەوە، وکوو شوناسی نەتەوەیی دەکین، نەتەوه ( Nation ) دەوڵەت ( state ) چەمک گەلێکن، کە شوێن و زەمەنیان دیارەو ناگرێنەوە بۆ مێژوو، بەڵکوو هاوکاتە لەگەڵ شۆڕشی پیشەسازی و پەرەسەندنی ناسیونالیزم لە ڕۆژئاوا.
لە پشتی دەوڵەت نەتەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا، فەلسەفە و ئایدۆلۆژی وەکوو سەرچاوەی فکری و نەزەری بوونی هەبووە، بەڵام لە وڵاتانی جیهانی سێیەم، زۆربەیان لە سەر بنەمایەک بیچم دەگرن، کە ئیستیعماری ڕۆژئاوای لە پشتە، زۆرینەی ئەو دەوڵەت نەتەوانە، لە ڕێگای دەوڵەتە کۆلۆنێکان دامەزراون، چونکە وەکوو پێشوو نەیانتوانیوە لە فۆڕمی موستەعمیرەدا بمێننەوە، هەر بۆیە دەوڵەت نەتەوەی دەستکرد وەکوو پاشکۆی خۆیان دادەمەزرێنن.
ئەو دەولەت نەتەوانەی، کە لە ڕێگای وڵاتانی کۆلۆنیالیزم هاتنە چێ کردن، دەوڵەتیان وەکوو ئامرازێک بۆ ژێردەستە کردنی نەتەوەکانی دیکە بەکارهێنا، بۆ نموونە روسیە و بریتانیا وڵاتێکی دەستکرد و جەعلی بە نێوی ئێران دروست دەکن، هەر وەکوو چۆن چیرۆک نووسێک ئەوەی، کە لە مێشکی دایە، دەیهێنێتە سەر کاغەز و دایدەڕێژێت، ئەوانیش بە هەمان شێوە بە حەز و ئارەزووی خۆیان، ڕۆمانێکی زۆر قێزەون و پڕ لە تەراژیدیان بۆ نەتەوەی کورد نووسیوەتەوە.
دەوڵەت نەتەوەی جەعلی ئێران بۆ تواندنەوەی نەتەوەکانی دیکە و پڕۆسەی یەک دەوڵەت – یەک نەتەوە، هێرشێکی هەمە لایەنە دەست پێ دەکات، تا ڕادەیەکیش تێیدا سەرکەوتوو دەبێت، بەڵام نابێ فەرامۆشی کین، کە سڕینەوەی نەتەوەیەکی خاوەن مێژوو، لە سەر خاک و نیشتمانی خۆی، هەر وا بە هاسانی نایاتە جێبەجێ کردن، ئەویش نەتەوەیەکی وەکوو کورد، کە پێش لە نەتەوە سازی وڵاتانی ڕۆژئاوا، میللی گەرایی بوونی هەبووە.
هەر زۆری نەخایاند، کە نەتەوەی دەستکردی ئێرانی هەستی بەوە کرد، کە پڕۆسەی ئاسیمیلاسیون کوردەکان هەروا هاسان نییە، بۆیە بۆ خەساندنی بزاڤی رزگاریخوازی کورد، خودمۆختاری و خۆسەری پێش دەخات و دەیکاتە ئاڵترناتیڤ، ئێران ئەم پیلانە بە ڕێگا چارە دەزانێت، تا بتوانێت لە بەرامبەر ناسیونالیزمە یاغی و سەرکەشەکەی کورد بەوەستێەتەوەو شۆڕشەکەیانی پێ دەستەمۆ بکات و لەناوی بەرێت.
ڕووسەکان و بریتانیاییەکان ئێرانیان ئاگادار کردبووە، کە ناسیونالیزم و میللی گەرایی، لە سەد ساڵی ڕابردوودا توانیویەتی زۆریەک لە ئیستیعمارەکان و دیکتاتۆڕەکان هەڵتەکێنێت و شکستیان پێ بێنێت، هەر بۆیە دەبێ زۆر بە هەستیارییەوە لە گەڵ کوردەکان مامەلە بکەن.
خۆسەری و لەم دواییانەشدا، فیدڕاڵیزم دەکەنە ئاڵتڕناتیڤ لە بەرامبەر خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد، ئەم زێهنییەتە چێ دەکەن کە دامەزراندنی دەوڵەت بۆ کورد خەون و خەیاڵە و باجەکەی بۆ کورد هێندە قورسە کە کورد دەڕۆستی نایات تا بە کورد بڵێن: کە تەنیا ڕێگا چارەت، مانەوە لە چوارچێوەی ئێرانی دەستکردە. دەوڵەتی جەعلی ئێران دەیزانی کە خۆبەڕێوەبەری یا فیدڕاڵیزم بۆ کوردەکان وەکوو بەفری بەر خۆر وایە.
نەتەوەی بێ دەوڵەت لە پرۆسەیەکی زەمەنی دا، زۆر ناخایەنێت، کە لە ناو دەوڵەت نەتەوەی سەردەست قاڵ دەبێتەوە، کورد لە قۆناغێکی زۆر هەستیار و مەترسی دار بەسەر دەبا، کە ئەگەر بە شێوەیەکی ڕادیکاڵ و میدانی خەباتێکی فەرە ڕەهەند نەگرێتە بەر، ئەوە وەکوو زۆر نەتەوەی دیکە، تێکەڵ بە مێژوو دەبێت و بێجگە لە ناوێک هیچ ئاسەوارێکی لێ بەجێ نامێنێت.
ئەگەر لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، دەوڵەت زەرورەتێکی مێژووی نەبوو، ئەوە بۆ کورد، حوکمی مان و نەمانی هەیە، هەر لەو چوارچێوەیەشدا، کورد بە بێ کۆپی کردن دەتوانێت، دەوڵەتی دێمۆکراتیکی کوردستان، لەسەر ئەساسی دەوڵەتی نا ناوەندی (غیرمتمرکز ) بە سوود وەرگرتن، لە مێژووی فێدراسیونکان، بناغەی دەوڵەتی خۆی چێ بکات.
دەوڵەتی دێمۆکراتیکی کوردستان دەتوانێت وەکوو پاڕادایمێکی نوێ، هەموو چین و تۆێژەکانی کۆمەڵگاو پێکهاتەکان لە خۆیی بگرێت.
مرۆڤی کورد وەکوو هەموو گەلانی دیکەی سەر گۆی ئەم زەویە، مافی ڕەوای خۆیەتی، تا بتوانێت لە سەر خاک و نیشتمانی خۆی بە ئازادی و سەربەستی بژیت و لەمە زیاتر شەرمەزاری نەوەکانی ئێستاو داهاتوو نەبێت، ئەگەر هەرتاکێکی کورد لە ئاست خاک و نیشتیمان، خاوەندارێتی نەکات و خۆ بە بەرپرسیار نەزانێت، ئەوە نابێ ئەو ڕاستیە فەرامۆش بکات، کە مێژوو ڕەحمی پێ ناکات.
بزووتنەوەی هیوا