ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی ژینگەپارێزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ژینگە ، ناوەندێکی سروشتییە، کە هەموو ئەو ڕەهەندە زیندەوەر و نازیندەوەرانە دەگرێتەوە، کە لە دەوروبەرمان هەن و پەیوەندی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان بە ژیانی مرۆڤ و زیندەوەران هەیە و کاریان تێدەکەین و کاریگەریان لەسەرمان هەیە .
خاک، هەوا، ئاو ئەمانە هەرسێکیان پێکهێنەری ژینگەن، پیس بوونیان واتا تێکچونی ژیان و ژینگە، کە گەورەترین کێشە و قەیرانە لە جیهانی سەردەم . مرۆڤ لە دنیای ئەمڕۆدا زیاتر بەکارهێنەرەو ڕاستەوخۆ بەرەو لە ناوچونی ژینگە، هەنگاو دەنێت و زۆرێک لە دیاردە ناسروشتێکانی مرۆڤی ئەمڕۆ دەکرێت لە ڕوانگەی ئێکۆڵۆژی کۆمەڵایەتی تەماشا بکرێت .
مەترسی سەر ژینگە لە هەموو شوێنێکی ئەم جیهانە هەیە، بەڵام مەخابن بە هۆی کۆلونیا بوونی کوردستان و داگیرکاری و بەتاڵان بردنی هەموو سەرمایە سروشتێکان ، مەترسی لە ناو چوونی ژینگەی کوردستان بەدەست نەتەوەی سەر دەست لە ئاستێکی زۆر بەرفراوان دایەوە و هەڕەشەی جدی لەسەرە .
ئەگەر ئەمڕۆ لە وڵاتانی پێشکەوتوو پارت و حیزبە سەوزەکان ئەرکی پارستنی ژینگەی خۆیان هەیەو تەنانەت وەکو ئێکۆپۆلۆتیک لە کار و چالاکی سیاسی و مەدەنی دان ،بەداخەوە لە کوردستان ئەو بۆشاییە هەیە و زیاتر حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ئەم ئەرەکەشیان گرتۆتە ئەستۆ، کە نابرپرسیارەتی لە زۆر بواردا خەساری گەورەی لێکەوتۆتەوە .
ڕێکخراوی ژینگەپارێزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەکوو ئەرکێکی مێژوویی و ئەخلاقی و هەست بە بەرپرسیاریەتی لە ئاست خاک و نیشتمان و پاراستنی سروشتی جوانی کوردستان، دامەزراوەو لەمەوبەدوا، بە چڕی و پوختی شێلگیرانە لە پێناو پاراستنی ژینگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێداگری دەکات و درێژە بە کار و چالاکێکانی خۆی دەدات.
جێگای خۆیەتی کە ناو یادی هەموو ئەو ئازیزانەی کە لە پێناو پاراستنی ژینگەی کوردستان گیانی خۆیان بەخشیوە پیرۆز ڕابگرین و دەست خۆشی لە هەموو ئەو ناوەندانەی ناو خۆش بکەین، کە خۆبەخشانە هەموو ژیانی خۆیان بۆ پاراستنی ژینگە کوردستان خستۆتە زەحمەتی و مەترسییەوە
ڕێکخراوی ژینگەپارێزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان