ورمێ قەلب و شادەماری کوردستان
ئەگەر کوردستان وەکوو جەستەێک وێنا بکرێت، ئەوە ورمێ دڵی کوردستانە.
ورمێ لە باری ژئۆپلۆتیک و هەڵکەوتەی جوگرافیا، ناوەندێکی گرنگ و هەستیاری کوردستان و جیهانە.
بەدرێژایی مێژوو، چاوی تەماحی نەیاران و داگیرکەرانی لە سەر هەڵنگیراوە .
ورمێ لە مێژوودا، زۆر هەوراز و نشێوی بەخۆیەوە بینیوە، دەیان جار ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی، ژنوساید، قەتڵ و عام و پاکتاوی ڕەگەزی بۆتەوە، بەڵام تا ئێستاش هەر شوناس و ئایدنتیتی خۆی لە دەست نەداوە .
هەر لە باکووری کوردستان و باشووری کوردستان، هەتا دەگاتە قفقاز، نەخجەوان، ئەرمەنستان و گورجستان هەمووی وەکوو شادەمار بە ورمێ گرێدراون، تورکیە ئەگەر بۆ ڕێگری کردن و نەهێشتنی کورد به دەریای سپی، لە ڕۆژئاوای کوردستان، ژئۆپلۆتیک و دێمۆگرافیای کوردستانی شێواند، ئەوە بۆ لەبار بردنی پیوندی شادەمارەکان و دنیای دەرەوە، دەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەمان پیلان و پڕۆژەشی لە بەردەست دا هەیە، هەروەک چۆن ئێستا لە باشووری کوردستان هەتا دەگاتە سیدەکان و نزیک چۆمانی داگیر کردوو، لە داهاتوویەکی زۆر نزیک، خۆی بە ديوی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دا، ئاودیو دەکاتەوە.
ئەو تورک و قەرەپەپاغانەی، کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە داگیرکاری نیشتەجێبوون، لە لایان ئەنکارا و باکوو پاڵپشتی و هاوکاری دەکردەرێن.
تورکەکان لە چەند ساڵی ڕابردوودا، لە ژێر کاریگەری فاشیزمی ئیخوانی تورکیە و فاشیزمی باکوو، بەدەیان ڕێکخراوی توندڕەوی ڕەگەز پەرستیان دامەزراندوو.
تورکەکان لە ناو خۆ لە زۆر بواردا، لە کوردەکان بەهێزترن، ئەوان هەر لەسەرەتای دەسەڵاتی فاشیزمی مەزهەبی ئێران دەگەڵ دەسەڵات کەوتن و بەشێکی زۆر لە بەدەنەی سپای پاسداران لە تورکەکان پێک هاتوو.
شاری تەورێز، کە بە قەلبی پیشەسازی ئێران و ناوچەکە ناسراوە، شادەماری تورکەکانە، بەدەیان کارخانەی ئەسلەحە سازی تێدایە.
بەشێکی زۆر لە هێزی ئاسمانی سپای پاسداران و ئەرتەش لە فڕۆکەخانەی جەنگی ئەوشارەیە.
چەندین کارخانەی تۆندەنەوەی ئاسنی لێ دروست کراوە، کە لە دواڕۆژدا. توانای دروستکردنی چەکی قورس و مووشەکیان هەیە.
لە باری ئابووری و پیشەسازیش، کۆی گشتی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئەندازەی تەورێز، دەوڵەمەندو بە هێز نین.
ئەگەر زۆر لایانی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هێزی خۆیان لەسەر دیواری ئابووری هەولێر هەڵچنیبوو، ئەوە ئەمڕۆ لە سەر ئەرزی واقیع، باشووری کوردستان بۆتە کۆڵۆنیای وڵاتی تورکیەو داگیرکراوە.
ئەگەر چی ئەم قەوارە سیاسییە، هەر لە سەرەتاوە، لە باری سەربەخۆیی سیاسی، خاوەن هیچ ئیرادەیەک و سەروەرێک نەبوو، ئێستاش ئەگەر هەر جۆرێک پێناسە بکرێت، ئەوە بۆتە بەشێک لە دەوڵەتی ئیخوانی عوسمانی.
ئەگەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەر لە ئێستاوە ستراتیژی خۆی دیاری نەکات، بە دوور نییە بە لە دەست دانی زۆر ناوچەی ستراتیژیک، ئینجا هیچ پشتە جبهەیەکیشی بۆ نامێنێتەوەو، نامومکین نییە، کە لە سێ لاوە هێرشی بەرفراوانی نەکرێتە سەری و هەتا نزیک سنە داگیرنەکرێت.
ورمێ وەکوو شادەماری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەمێکە لە لایان حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پەروێز خراوە، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ سەر بەرژەوەندی حیزبی و ساز و سەودا، لەگەڵ لایانە تورکەکان.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە هەموو شێوازێک، ڕووبەڕووی ئاسیمیلاسیونی بەربڵاو بۆتەوە، ئەگەر سنە و ئیلام و کرماشان، تەنیا لە لایان فاشیزمی فارسەوە ئاسیمیلە کراون، ئەوە پارێزگای ورمێ بە دەست دوو نەتەوەی سەردەست چەوساوەتەوە.
ئەمڕۆ وڵاتێکی وەکوو ئەرمەنستان، کە رووسیە و ئێران بە هەموو شێوەیەک یارمەتی و پاڵپشتی دەکن وسەرەڕای ئەوەش، کە کۆمەڵکوژی ئەرمەنێکان بە دەست تورکەکان لە لایان نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە بە ژنوساید ناسێندرا، کەچی هێشتا بە بچووک ترین ئالۆزی لە گەڵ باکوو، دەکەوێتە بەر هەڕەشەی فاشیزمی تورکیە، ئەوە کوردی بێ پشتیوان، ئەگەر یەکگرتوو و خاوەن دیسکۆرسی خۆی نەبێت، چۆن لەدەست تورک و فارس لە ئەمان دا دەمێنێتەوە.
لە داهاتووی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زۆر زەحمەتە، کە کورد دەگەڵ دوو نەتەوەی سەردەست، بگاتە ڕێکەوتن و ئاشتەوایی، پێویستە کورد هەر لە ئێستاوە خۆی بۆ دواڕۆژی رووخانی رژێم، ئامادەکات و ستراتیژی خۆی دیاری بکات، پاشماوەی رووخاوی دەسەڵاتی تاران، بە خێرایی، هەر وەکوو سەرەتای شۆڕشی گەلان، لەگەڵ تورکەکان بۆ سەرکوت و دامرکاندنی بزووتنەوەی کورد زۆر بە خێرایی خۆیان تەیار و ئامادە دەکەن و دەست دەکەن بە هێرش کاری.
نەرمی نواندن لە بەرامبەر لایانی داگیرکەر و بەر پرسیار نەبوون لە سەر خواست و ویستی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەرئەنجامێکی باشی نابێت و جگە لە بە دەستەوە دانی خاک و نیشتمان هیچی لێ ناکەوێتەوە، داگیرکەر هەڵگری هیچ پێناسەیەکی دێموکراتیک نییە، هەتا چاوەڕوانی پێدانی مافی زەوت کراوت لێی هەبێت، ئەمە تەنیا روانگەیەکی ئیدەئالیزمی و مالیخولیاییە.
سەربەرز