ڕاگەیەندراوی بزووتنەوەی هیوا
هاونیشتمانیان و گەلی کوردی هێژا
هەموو وڵات و نەتەوەێک لە جیهاندا، بە هێما و ئاڵای خۆی دەناسرێتەوە، ئاڵا ناسنامەی نەتەوایەتی و پێکهاتەکانی ئەو نیشتمانەیە کە خۆی پێ ، پێناسە دەکات. ئاڵا وەکوو نیشانە لە کۆمەڵێک نیماد و ڕەنگ پێک هاتووە کە هەڵگری دەروونناسی ژینگە و کۆمەڵگای خۆیەتی و لە ناو زاکرە و بیر و هزری تاکەکان دا دەمێنێتەوە.
کوردیش وەکوو هەموو نەتەوەکانی سەر گۆی ئەم زەوییە، خاوەن خاک و نیشتمانی خۆیەتی و سەردەمانێک لانکەی شارستانیەت و مرۆڤایەتی بووە. مێژووی شارستانیەت لە جیهاندا، بە بێ مێژووی کورد و کوردستانیان بێ مانایە ، بەڵام مەخابن لە پرۆسەی دەوڵەت نەتەوە دا بە زۆر هۆکار نەیتوانی سەر لە نوێ خۆی دارێژێتەوەو وەکوو دەوڵەت خۆی پێناسە کاتەوە. دیارە ئەم بابەتە قسە زۆر هەڵدەگرێت بەڵام بۆ دوورنەکەوتەنەوە لە مژارە سەرەکێکە، ناچینە ناو قووڵایی باسەکە.
هاونیشتمانیان و گەلی کوردی هێژا ، بەشەکانی دیکەی کوردستان ، کەم تا کورتێک خاوەن ئاڵا و هێمای خۆیانن ، بەڵام مەخابن دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان، ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن نەتەوەی سەردەست و فاشیزمی قومی ئێرانی و پرۆسەی دەوڵەت نەتەوەوە، کەوتە بەر ئاسیمیلاسیونێکی بەرفراوان و زۆر لە هێماو پیرۆزیەکانی یا فەوتان و یا کەوتنە بەر فەرامۆشی. ئێستاش بەداخەوە هەمان پروسە پەیڕەو دەکرێت و بەرژەوەندی حیزب و لایانە سیاسەکان کەوتۆتە پێش بەرژەوەندی نیشتمانی، هەر بۆیە ئێمە وەکوو بزووتنەوەی هیوا بە پێویستمان زانی ، سەر لە نوێ ئاڵای کۆماری کوردستان کە مڵکی هیچ حیزب و لایانێک نییە، وەکوو ئاڵای ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕەسمی بیناسێنین و سەری ڕێزی بۆ نەوی کەین و سەر لە نوێ ئەم بەشەش لە کوردستان ئاڵا و پێناسەی تایبەت بە خۆی هەبێت.
بزووتنەوەی هیوا : لەمەوبەدوا هەتا ڕفڕاندۆمێکی ئازاد لە رۆژهەڵاتی کوردستان ، ئاڵای کۆماری کوردستان بە ڕەسمی دەناسین.
بەرز و بەڕێز بێت ئاڵای پیرۆزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
نیشتمان ئاوەدان و گەلمان سەرفەراز
۱٥ی ڕێبەندانی ۲۷۱۹ی کوردی