مافنامەی مرۆڤ یان جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە مافی مرۆڤ، پەیمانێکی نێونەتەوەییە کە لە ١٠ی دیسەمبری ساڵی ١٩٤٨ی زایینی لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەبارەت بە مافە بنەڕەتییەکانی ھەر مرۆڤێک پەسەند کرا. ئەم مافنامەی ئاکامی ڕووداوەکانی شەڕی جیھانیی دووەم بوو و بۆ یەکەم جار باسی لە تەواو ئەو مافانەی دەکرد کە ھەر مرۆڤێک لە ھەر شوێنێک لە جیھان خاوەنی ئەوانە.
بەندی ١
ھەموو مرۆڤێک بە ئازادی زاوە و ھەموان ھاو بایەخ و مافن. مرۆڤ خاوەن ھۆش و ویژدانن و دەبێ ھەڵوێستیان لە یەکدی برایانە بێ.
بەندی ٢
ئەم ئازادی و مافانەی لەم مافنامەیەدا باسیان ھاتوە، ھەموو مرۆڤێک دەگرێتەوە بێ ھیچ جۆرە جیاوازییەکی وەک، ڕەگەز، ڕەنگی پێست، زایەند، زمان، دین، بیروڕای سیاسی، یان ھی دیکە، ڕیشەی میللی یان جڤاکی، موڵکایەتی، ڕەچەڵەک، یان ھەر پێگەیەکی دیکە بێ. ئەوجا، نابێ ھیچ جیاوازییەک بکرێ لەسەر بنەمای ھەڵوێستێکی سیاسی، قانوونی یان نێودەوڵەتی، کە وەڵات یان ناوچەی ئەو مرۆڤە دەیگرێ، جا ئەو وەڵات یان ناوچەیە سەربەخۆ بێ، ژێر چاودێری بێ، خۆفەرمان نەبێ، یان ھەر لایەنێکی دیکەی سەروەریی خۆی دۆڕاندبێ.
بەندی ٣
ھەموو مرۆڤێک مافی ژیان، ئازادی و ئاساییشی کەسەکی ھەیە.
بەندی ٤
نابێ ھیچ مرۆڤێک بە کۆیلە و نۆکەر بگیرێ. ھەموو جۆرێکی کۆیلەتی قەدەخەیە.
بەندی ٥
نابێ ھیچ مرۆڤێک بخرێتە ژێر ئەشکەنجە یان ھەڵسوکەوت و سزای دڕی، نامرۆیانەی ڕووشکێنەوە.
بەندی ٦
ھەموو مرۆڤێک مافی ھەیە لە ھەموو بارێکدا وەک مرۆڤ بە واتای قانوونی بسەلمێنرێ.
بەندی ٧
ھەموو کەس یەکسانە لە ئاست قانووندا و ھەموو کەس بێ جیاوازی مافی یەکسانی پاراستنی ھەیە لە لایەن قانوونەوە. ھەموو کەسێک مافی یەکسانی ھەیە بپارێزرێ لە ھەموو جیاوازییەکی دژ بەم مافنامەیە و ھەروەھا دژ بە ھەر ساز کردنی جیاوازیی لەو بابەتە.
بەندی ٨
ھەموو مرۆڤێک مافی ھەیە لە لایەن دادگەی دەسەڵاتدارەوە یارمەتی کارا بکرێت بەرانبەر ھەر کردارێک دژی مافی بنەڕەتی بێت کە دەستوور و قانوون دەیسەلمێنن.
بەندی ٩
نابێ ھەر لەخۆڕا مرۆڤ بگیرێ، زیندانی بکرێت یان وەڵاتبەدەر بکرێت.
بەندی ١٠
ھەموو مرۆڤێک مافی ھەیە بە ئەوپەڕی یەکسانییەوە لە دادگەی سەربەخۆ و بێلایەندا دۆزەکەی بە ئاشکرا و دادپەروەرانە یەکلا بکرێتەوە، چ ماف و ئەرکی بێت چ تاوانێکی ئاڕاستە کرابێت.
بەندی ١١
١. ھەموو مرۆڤێک کە بەرگومان بێت بە کردارێکی بەرسزا، مافی ھەیە بە بێتاوان دابنرێ، ھەتا ئەو دەمەی گوناھەکەی بە گوێرەی قانوون دەسەلمێندرێ لە دادگەی کراوەدا، کە ھەموو دەرفەتێکی دەداتی بۆ دەستەبەر کردنی داکۆکی کردن لە خۆی.
٢. ھیچ مرۆڤیک نابێ سزا بدرێ بە کردارێک یان ناکردارێک کە کاتی ڕوودانی بە قانوونی میللی یان نێودەوڵەتی بەرسزا نەبووبێ (بە تاوان دانەنرابێ). ناشبێ سزایەک بدرێ گرانتر بێ لەو سزایەی دەمی ڕوودانی ئەو کردارە بەرسزایە ڕەوا بوە.
بەندی ١٢
ھیچ مرۆڤیک نابێ لەخۆڕا تووشی، دەستتێوەردانی ژیانی کەسەکی، خێزان، ماڵ و پەیوەندی بێ، یان پەلاماردانی شەرەف و ناوبانگ بێ. ھەموو کەسێک مافی پاراستنی قانوونیی ھەیە لە دەستتێوەردان و پەلاماردانی لەو بابەتە.
بەندی ١٣
١. ھەموو کەسێک لە سنووری ھەموو دەوڵەتێکدا مافی ھەیە ئازادانە بگەڕێ و نشیمەنی خۆی ھەڵبژێرێ.
٢. ھەموو مرۆڤێک مافی ھەیە ھەموو وەڵاتێک بەجێ بێڵێت، با وەڵاتی خۆیشی بێ، و ھەروەھا مافی ھەیە بگەڕێتەوە وەڵاتی خۆی.
بەندی ١٤
١. ھەموو مرۆڤێک مافی ھەیە لە وەڵاتی دیکە ھەم داوای پەنابەری بکات و ھەم پەنای بدرێ بۆ ڕزگاربوون لە ستەمکاری.
٢. ئەم مافە کەسانێک ناگرێتەوە دادگە داوایان بکات، لەسەر دۆزی بەڕاستی ناسیاسی یان دژ بە بنەما و ئامانجەکانی دەوڵەتانی یەکگرتوو UN.
بەندی ١٥
١. ھەموو مرۆڤێک مافی ھاوزێدەتییەکی ھەیە.
٢. نابێ لەخۆڕا مافی ھاوزێدەتی لە ھیچ مرۆڤێک بسەندرێتەوە و نابێ مافی گۆڕینی ھاوزێدەتی لێ زەوت بکرێ.
بەندی ١٦
١. ژن و پیاوی ڕسکاو مافی ھاوسەری و دامەزراندنی خێزانیان ھەیە، بێ ھیچ سنووردارییەک بنەمای لەسەر ڕەگەز، ھاوزێدەتی یان دین بێ. ھەردووکیان خاوەن مافی یەکسانن کاتی ھاوسەری، لە ماوەی ھاوسەریدا و لە کاتی جودابوونەوەدا.
٢. ھاوسەریی تەنھا بە دڵاسوودەیی (ڕەزامەندیی) ئازاد و تەواوی ھەردوو ھاوسەر دەبێ.
٣. خێزان یەکەی خۆرسک و بنەڕەتییە لە جڤاتدا و مافی ھەیە لە لایەن جڤات و دەوڵەتەوە بێتە پاراستن.
بەندی ١٧
١. ھەموو مرۆڤێک مافی موڵکایەتی ھەیە چ بە تەنێ و چ لە پەیوەست لەگەڵ کەسانی دیکە.
٢. نابێ ھیچ مرۆڤێک لەخۆڕا موڵکی لێ زەوت بکرێ.
بەندی ١٨
ھەموو مرۆڤێک مافی ئازادیی بیر، ویژدان و دینی ھەیە. واتە مرۆڤ ئازادە لە گۆڕینی دین و گۆڕینی باوەڕ و ھەروەھا دەربڕین لە دین و باوەڕ بە تاک یان بە کۆمەڵ، ئاشکرا یان نھێنێ، لە ڕێی خوێندنەوە، پەرستنەوە، پەیڕەوی و ڕێز گرتنی ڕێوڕەسمەوە.
بەندی ١٩
ھەموو مرۆڤێک مافی ئازادیی بیروڕا و ئازادیی دەربڕینی ھەیە. بە گوێرەی ئەم مافە ھەموو مرۆڤێک بێ دەستتێوەردان ئازادە لە ھەڵبژاردنی بیروڕا، گەڕان بەدوای زانیاری، وەرگرتن و پەخشی زانیاری و بیروڕا بە ھەموو دەستاوێژێکی دەربڕین و بێ گوێدانە سنووری ناوچە.
بەندی ٢٠
١. ھەموو مرۆڤێک مافی ھەیە ئازادانە بەشداری پەیوەست و جڤین (کۆبوونەوە) ی ئاشتییانە بێ.
٢. نابێ ھیچ مرۆڤێک ناچار بکرێ ببێتە ئەندامی پەیوەستێک.
بەندی ٢١
١. ھەموو مرۆڤێک مافی ھەیە بەشداری بەڕێوەبردنی وەڵاتی خۆی ھەیە، ڕاستەوخۆ یان لە ڕێی نوێنەری ئازادانە ھەڵبژێردراو.
٢. ھەموو مرۆڤێک مافی یەکسانی ھەیە بۆ وەرگرتنی کارمەندێتی گشتیی لە وەڵاتی خۆیدا.
٣. ویستی میللەت سەرچاوەی دەسەڵاتی دەوڵەتە. ئەم ویستە بە ھەڵبژاردنی دروست و ماوەماوە دێتە دەربڕین، ھەڵبژاردنیش بە مافی گشتی و یەکسانی دەنگدان پیادە دەکرێ و لە ڕێی دەنگدانی نھێنییەوە یان ھەر شێوەیەکی دیکەی ھاوبایەخی دەنگدانی ئازادەوە.
بەندی ٢٢
ھەموو مرۆڤێک چونکە ئەندامی جڤاتە مافی ئاسوودەگیی جڤاکیی ھەیە کە دەبێ بڕاستێنرێ (تەحقیق بکرێ) لە ڕێی خەباتی میللی و ھاریکاریی نێودەوڵەتییەوە و بە ڕەچاو گرتنی سازمان و دەرامەدی ھەر دەوڵەتێک، بۆ دابین کردنی مافگەلی ئابووری، جڤاکی و فەرھەنگیی کە پێویستن بۆ پاراستنی سەروەریی مرۆڤ و بۆ فراژووتنی ئازادانەی کەسایەتیی مرۆڤ.
بەندی ٢٣
١. ھەموو مرۆڤێک مافی ھەیە: کار بکات، ئازادانە پیشە ھەڵبژێرێت، ھەلومەرجی پیشەکەی دادپەروەرانە و دڵاسوودەبەخش بێ و ھەروەھا مافی پاراستنی ھەیە لە بێکاری.
٢. ھەموو مرۆڤێک مافی ھەیە بێ جوداوازی ھەمان مووچەی ھەبێ بەرانبەر ھەمان کار.
٣. ھەموو مرۆڤێک کە کار دەکات، مافی ھەیە مزەیەکی دادپەروەرانە و دڵاسوودەبەخش وەر بگرێ، کە گوزەرانێکی مرۆڤشیاو بۆ خۆی و خێزانی دەستەبەر بکات و، لە بارودۆخی پێویستدا، دەستاوێژی دیکەشی بچێتە پاڵ بۆ پاراستنی جڤاکی.
٤. ھەموو مرۆڤێک مافی ھەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی خۆی ھەم سەندیکا دامەزرێنێ و ھەم ببێتە ئەندامی سەندیکا.
بەندی ٢٤
ھەموو مرۆڤێک مافی ھەیە کاتی سەربەست (کاری ئازادی بێکاری) و پشووی ھەبێ، کە دەکاتەوە دیاری کردنی سنوورێکی گونجاو بۆ کاتی کار و ماوەی وچان (ماوەی بێکاری) ی مووچەدار.
بەندی ٢٥
١. ھەموو مرۆڤێک مافی ھەیە بۆ ئاستێکی ژیان کە گونجاو بێ بۆ ساخڵەمی و خۆشگوزەرانیی خۆی و خێزانی، کە دەکاتەوە خۆراک، پۆشاک، نشیمەنی، ساخڵەمی و خزمەتگوزاریی پێویستی جڤاکی، و ھەروەھا مافی ئاسوودەگی لە کاتی بێکاری، نەخۆشی، پەککەوتن، مەرگی ھاوسەر، پیری یان زیانی دیکەی ڕێگری بژێوی لە ھەلومەرجی وەھادا کە لە توانای ئەم بەدەر بن.
٢. دایک و زارۆک مافیان ھەیە بۆ پەرۆشداری و یارمەتیی تایبەت. ھەموو زارۆکان، چ لە نێو چ لە دەرەوەی ھاوسەرگیریدا زا بن خاوەن ھەمان مافی پاراستنی جڤاکین.
بەندی ٢٦
١. ھەموو مرۆڤێک مافی فێرکاریی ھەیە. فێرکاری لایەنی کەم لە ئاستی سەرەتا و بنەڕەتیدا دەبێ مفت (بێبەرانبەر) بێ. فێرکاریی بنەڕەتی دەبێ ناچاری (ئیلزامی) بێ. فێرکاریی پیشەزانی و تەکنیکی دەبێ ڤەکری (ئاواڵە) بێ بۆ ھەموان. فێرکاریی باڵا دەبێ ڤەکری بێ بۆ ھەموان بە گوێرەی کارامەیی.
٢. مەبستی فێرکاری دەبێ فراژووتنی تەواوی کەسایەتی بێ و ھەروەھا بۆ ڕاھێزانی ڕێزە لە مافی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکانی. فێرکاری دەبێ ھاندەر بێ بۆ دەرک کردن، سنگفرەوانی و دۆستایەتیی نێوان میللەتان، گرووپی ڕەگەزی و گرووپی دینی و ھەروەھا بۆ پتەو کردنی خەباتی UN بۆ دابین کردنی ئاشتی.
٣. مافی ھەڵبژاردنی جۆری فێرکاری بە پلەی یەکەم بۆ دایک و باوکانە.
بەندی ٢٧.
١. ھەموو مرۆڤێک مافی ھەیە ئازادانە بەشداری ژیانی فەرھەنگیی جڤات بێ، چێژ لە ھونەر وەربگرێ و بەشدار بێ لە پێشخستنی زانست و لە بەھرەکانی سوودمەند بێ.
٢. ھەموو مرۆڤێک مافی ھەیە بەرژەوەندی ماددی و ئەدەبی بپارێزرێ لە ھەر بەرھەمێکی زانستی، ئەدەبی و ھونەری کە خۆی خاوەنی بێ.
بەندی ٢٨
ھەموو مرۆڤێک مافی ھەیە بەشێک بێ لە ھەر شیرازەیەکی جڤاکی و نێودەوڵەتی کە تێیدا ئازادی و مافی نێو ئەم مافنامەیە بە تەواوی بڕاستێنێ.
بەندی ٢٩
١. ھەموو مرۆڤێک ئەرکی لەسەرە بەرانبەر ئەو جڤاتەی دەرفەت ساز دەکات بۆ فراژووتنی تەواوی کەسایەتی خۆی بەتەنێ.
٢. ھەموو مرۆڤێک لە پیادە کردنی ئازادی و مافی خۆیدا سەرفروو دێنێ تەنھا بۆ ئەو سنووربەندییەی کە قانوون دیاری کردوە تەنھا بە مەبەستی دابین کردنی ڕێز و ڕەچاوگیری بۆ ئازادی و مافی کەسانی دیکە و ھەروەھا بۆ پیادە کردنی مەرجی جڤاتی دێمۆکرات لە پێناو ئاکار، شیرازەی گشتی و خۆشگوزەرانیی گشتی.
٣. ئەم ئازادی و مافە نابێ لە ھیچ بارودۆخێکدا دژ بە بنەما و ئامانجی UN بخرێنە کار.
بەندی ٣٠.
ھیچ نییە لەم مافنامەیەدا بە شێوەیەک لێک بدرێتەوە کە ماف بداتە دەوڵەتێک، گرووپێک یان تاکەکەسێک خەریکی چالاکییەک بێ یان کارێک بکات مەبست لێی ھەڵوەشاندنەوەی ئازادی و مافی نێو ئەم مافنامەیە بێ.[٢]