” بزووتنەوەی هیوا ”
مێژووی گەلان بە گشتی ململانەی نێوان سەردەست و ژێر دەستەیە، کە خۆاستی دەسەڵاتی تێدا بووە. ویستی دەسەڵات بنەمایەکی دانەبڕاوە لە ژیانی مرۆڤ، هەر بۆیە بە درێژایی مێژوو ئیرادەی ژێردەستە کردن و چەوسانەوە بوونی هەبووە، جا چ وەکوو تەزادی ڕەگەزی یا جیاوازی چینایەتی، لە لایەکی دیکەشەوە خواست و ئێرادە بۆ ڕزگاری و ڕەهایی لە ژێردەستەیی، دیوێکی دیکەی مێژوویە.
تێکۆشان و هەوڵ دان بۆ ئازادی، بەردەوام مێژووشی بەدوای خۆیدا ڕاکێشاوە، قۆناغ بە قۆناغ لەسەر هەمان ئەساس، ڕەنگ و ڕووی سەردەمیانەی بە خۆوە گرتووە و لە نۆڕمی سونەتی بەرەو مۆدێرنیتە هەنگاوی ناوە. حیزب و ڕێکخراوەی سیاسی هەمووی بەرهەمی مۆدێرنیتەن، لەم پڕۆسەیەشدا فەلسەفە و زانست توانیوێتی ياریدەر بێت.
بزووتنەوە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە، کە بە نیسبەتی ئەبعاد و قورساییەکەی، ڕەوتێکە بۆ گۆڕانکاریی، مەبەست و خۆاستی بزووتنەوەی نەتەوایەتیش، ڕزگاریی ئەو قەلەمڕەویە کەوا پەیوەستە بە جوغرافیای دانیشتووانەکەی. بزووتنەوەی سیاسی لە بناغەوە لەگەڵ حیزبی سیاسی جیاوازە، حیزب زیاتر لە چوارچێوەی هەمان حکومەت، تێدەکۆشێت بۆ دەسەڵات، بەڵام ئامانجی سەرەکی بزوتنەوەی سیاسی گۆڕانکاری بنەڕەتییە، نە خۆاستی دەسەڵات و خۆسەپاندن.
میکانیزم و فۆڕمی بزووتنەوە هێز و ئیرادەی گەلە، کە بە شێوەیەکی کارامە کار بۆ بە ڕێکخستن و پەروەردە دەکات، هێزی بزووتنەوەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ڕێکخستن دایە، هەر بۆیە ئامانجی بزووتنەوە سیاسیە، نەک سیاسەت کردن. میکانیزم و شێوازی ڕێکخستنی بزووتنەوەکان وەکوو خانەکانی مێشک وایە، هەرکامەیان بە شێوەیەکی نا ناوەندی و سەربەخۆ چالاکن، بەلام لە بنەڕەتدا هەموویان هەر گرێدراوی یەکترین، بزووتنەوە تەنیا بە سەرێک نەبەستراوەتەوە، یا رێبەرێکی دیاری کراوی نییە، بەلکوو هر کام لە خانەکان بۆ خۆیان خۆبەڕێوەبەرن، هەر بەشەی میکانیزم و ئیدۆلۆژی خۆیان هەیە.
هەر بزووتنەوەیەک جیهان بینی تایبەت بە خۆی هەیە، کە بایخی پێ دەبەخشێت و ستراتیژییەکی دیاری دەکات و دەیکاتە خاوەن هزر، هەر لەم چوارچێوەیەشدا بەئەزموون وەرگرتن لە ڕووداوەکان، دەتوانێت هەنگاو بنێت، هەموو ئەنجام و کردەوەکانیش ئەزموونی زیاتری پێ دەبەخشێت، هەر بەم ئاراستەیش بۆ پاڕێزگاری لەخۆی و ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ نەیارانی، ئەوە یەکڕیزیی و یەکگرتوویی رێکخستنەکانێتی، کە تواناکانی دەردەخات.
پەیوەندی بزووتنەوە لەگەڵ حیزب و رێکخراوەکان نابێت تەنیا لە چوارچێوەیەکی بوروکراتیدا قەتیس بەمێنێتەوە، بەڵکوو بۆ لێک نزیک بوونەوە، دەبێت تۆڕێکی بەرفراوان لە نێوانیاندا دروست بێت، تا هەموویان لەدەوری یەکتر کۆ بکاتەوە، هەر لەم پێوەندییەش، کاری ناوەندەکانی حکومەت و دەسەڵات بۆ دۆزینەوەی شانەکان و ڕێبەرانی بزووتنەوە، زەحمەت دەبێت. بە گشتی بزووتنەوەکان دەبێت هەموو ئیمکان و دەرفەتێک بەکار بێنن، بە تایبەت لە کاتی لاواز بوونی دەسەڵات، کە توانای چاوەدێری نامێنێت.
هەر وەک چۆن بزووتنەوەی سیاسی سانترالیزمی نییە، ڕێبەری ئیدۆلۆژی هاوبەشیشان نییە، خواستی بزووتنەوەو ئامانجەکانی دیارە، سەر بە هیچ خەتێکی فکری دیاریکراو نییە، هەروەها بە هۆکاری بەرفراوانی بزووتنەوەکان، تاک یا دەستە لە چوارچێوەیەکی جیاواز چالاکی دەکەن و هەر کەسێک بە پێی تێگەیشتنی خۆی ئامانجی دیاری دەکات. هەڵبەتە زۆر جاریش ئیدۆلۆژی ڕۆڵیکی بەرچاوی هەیە، لە چارەنووس و سەرخستنی بزووتنەوەکان.
بزووتنەوەکان خاوەن هێز و داینامۆی خۆیانن، کە بەردەوام لە گۆڕانکاری دان و جەهەتی ڕەوتەکە دەگۆڕن. ئەندامانی تازە لەگەڵ خۆیان حەز و ئارەزووی نوێ دێنە ناو بزووتنەوەکە. بە پێی ئەو فاکتەرانەی کە لە کۆمەڵگادا لە حاڵی وەرچەرخانە، خۆیانی لەگەڵ هاوتەریب دەکن و بە ئێرادەیەکی لەبن نەهاتوو پێشەنگایەتی دەکەن.
ئامانجی هەر بزووتنەوەیەک تا ڕادەیەک دیارە، بۆ نموونە ناکرێت بزووتنەوەی کرێکاری بخرێتە خزمەت نیولیبراڵیزم یا بزووتنەوەی ژینگە پارێزی دروشمی چاکسازی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بدات. بزووتنەوەی سیاسیی بەر لەوەی، کە نیازی دەستاودەست کردنی حکومەت بێت و خۆی وەکوو دەسەڵات بسەپێنێت، ئەوە بەرژەوەندی گەل بۆ بزووتنەوە لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە.
بە سیستەم کردن و پەروردە دەتوانێت ئاستی هۆشیاری سیاسی کۆمەلگا بەرێتەسەر، تا ڕێگر بێت لە مونارشیزم و دەسەڵاتی ئۆلیگاریشی، هەروەها هاوشێوە لە گەل بیر و هزری بزووتنەوەکان، بەشداری ئاگاهانە دەبێتە هۆی بەهێز بوونی ڕێکخستن، ئەگەر هەڵگرانی هزری بزووتنەوە بتوانن ئامانج و ستراتیژیکانی خۆیان لەگەڵ داخوازییەکانی گەل دەستنیشان بکەن و وەکوو سەرچاوەیەکی مادی و معنوی تەماشای لێ بکرێت و هێماکانی نەتەوەیی بپارێزن، ئەوە بەدڵنیاییەوە گەل مەشروعیەت و ڕەوایی دەبەخشێتە بزووتنەوەکە، کاتێکیش گشتگیر دەبێ، کە ماف و بەرژەوەندی هەموو چین و تۆێژەکانی کۆمەڵگا لە بەرچاو بگیرێت.
سەرکەوتنی بزووتنەوەکان بە کۆمەڵێک مەرجی سەرەکی بەستراونەتەوە، یەکم هەنگاو پێویستە بزووتنەوە بۆ پرسی نەتەوایەتی تێوری و مانیفێستی خۆی هەبێت، تا بتوانێت کۆی ئەم باسانە بەوروژێنێت و توانای هاندانی خەلکی هەبێت. مژارێکی پڕ گرنگ و سەرەکی بۆ سەرکەوتن و گشتگیر بوونی بزووتنەوە، ئەوەیە کە لە دەستپێکەوە گرنگی بدرێت بە کاری ڕێکخستن و هەر لەم نێوەشدا حیزب و رێکخراوەکان لە بەرەی خۆی کۆکاتەوەو چالاکانە لەگەڵ ئەو حیزب و لایانانە، کە توانای خەباتیان هەیە، هاوئاهەنگ بێت.
بزووتنەوەکان بە پلان و ئەندێشەی نوێ، دەبنە هۆکاریک بۆ بێداری و بەرز کردنەوەی ئاستی هۆشیاری نەتەوایەتی، هەروەها جێگای ئاماژەیە، کە بۆ مەبەستی کارتێکەری لەسەر ڕای گشتی، دەبێت گوشار بخرێتە سەر نوخبەی سیاسی و پەڵکێش بکرێن بۆ ناو بزووتنەوەکە. ئینجا هێنانی گەل بۆ سەر شەقام و ناڕەزایەتی دەربڕین بە بەردەوامی، یەکم چەخماخەی شۆڕش و سەرهەڵدانە، تا سەر لە نوێ سەروەری و شەرافەت بۆ گەلی کورد و نیشتمان بگرێتەوەو یەکجار بۆ هەمیشە کۆتایی بە ژێردەستە بوون و داگیرکاری بەهێندرێت.
گەلی ئازیز و خەڵکی ئازادی خۆازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
دیارە هەر بزووتنەوەیەک، یا ڕێکخراوەیەکی سیاسی وەکوو زەرورەتێکی مێژووی، لە بۆشایەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی وەکوو دیاردەیەکی نوێ دادەمەزرێت.
بەداخەوە کوردستان، وەکوو وڵاتێکی داگیرکراو ( کۆڵۆنیال ) لە لایان سێ نەتەوەی سەردەست، بە سەر چوار دەوڵەت نەتەوەدا دابەشکراوە .
لە کوردستانی دابەش کراو، بۆ سەرەتایی ترین مافە زەوت کراوەکان، خەبات و بەرخۆداننێکی خوێناویمان هەبووە، مێژوویەک تەژی لە شکەست و نامرادی.
قسە کردن، بەگشتی لەسەر هەموو پێکهاتەو رەهەندەکانی ژیانی کۆمەڵگای کوردستان، باس و خواستێکی زۆر هەڵدەگرێت، کە لە داهاتوویەکی نزیکدا بە شێوەیەکی ئاکادمی و زانستی، وەکوو مانیفێستێک، لە قەوارەی نامیلکەیەکدا، چاپ و بڵاو دەکرێتەوە .
بزووتنەوەی ” هیوا ” بە ئامانج گرتنی خەبات بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەکوو بزووتنەوەیەکی سیاسی بۆ ئەم بەشە لە کوردستان دامەزراوەو لە پێناو سەربەخۆیی و ڕزگاری و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی، لەم بەشەی کوردستان خەبات و تێکۆشان دەکات.
بزووتنەوەی ” هیوای ” بە گەڕانەوە بۆ مێژووی یەکم حیزبی کوردی و خەسار ناسی لە سەر بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد لە سەرەتاوە تا ئێستا، بە ڕوانگەیەکی فەلسەفی و سوسیولۆژی خۆی ئافراندۆتەوە، پێداچوونەوەیەکی بنەڕەتی بە هەڵەکانی ڕابردووی بزوتنەوەی کوردیدا کردوە و سەر لە نوێ، وەکوو دیاردەیەکی سەردەمیانە، بە فەلسەفەی نوێ خۆی داڕشتوتەوە.
” هیوا ” بەئەزموون وەرگرتن لە هەموو بزووتنەوەو حیزبەکانی کوردی، نسکۆ، شکەست، ئاشبەتاڵ و شەڕی براکوژی، هەر لەسەرەتای راگەیاندنی، وەکوو بزووتنەوەیەکی سیاسی باوەڕی بە چەکداری حیزبی نییە و خۆی لە بازنەیەکی تەسکی حیزبایەتی دا نابەستێتەوە بەڵکوو بۆ وەدیهێنانی ئاوات و ئامانجە پیرۆزەکانی گەلەکەی، تێدەکۆشێت بۆ دامەزراندنی هێزێکی نیشتمانی بۆ بەرگری لە خاک و نیشتمانی کوردستان.
سیستەمی سانترالیزمی حیزبی وەکوو مۆدێلێکی ناکارامەو دواکەوتوو، میکانیزمێکی سەرکەوتوو و گونجاوی نییە، بۆ بەڕێوەبەری، توانای زەرفییەتی ڕێکخراویی دێموکراتیکی مۆدێرنی نییە، هەر بەم مەبەستەش ” هیوا ” بە میکانیزم و سازەی شووڕایی بەڕێوە دەچێت، ڕێگر دەبێت لە بەردەم دەسەڵاتی تاکەکەسی و پاوانخوازی.
هیوا لە سیاسەت و خواستەکانی خۆیدا، خاوەن پرەنسیپ و شەفافە، ئامانج و ستراتیژێکی دیاری هەیە، کە زۆر بەورد بینی مامەڵە لەگەڵ بارودۆخی ناوچەکە دەکات و هەوڵ دەدات، بە کەمترین تێچوو، باشترین دەسکەوت بۆ گەلەکەمان دەستەبەر بکات و بە هیچ شێوەیەکیش لە ماف و خۆاستی ڕەوای گەلەکەمان پاشەکشە ناکات، هیوا خاوەن ئیرادە خۆیەتی .
سەرچاوە داراییەکانی بزووتنەوەی هیوا، لەسەر زەحمەت و ڕەنجەشان و ماندوو بوونی هەموو ئەندامانی، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات پێک دێت. بۆ دابین کردن و بەڕێوەبردنی بزووتنەوە، پێویستی بە هیچ لایەنێکی سیاسی کوردی یا وڵاتی دەرکی نییە، خاوەن پرنسیپە و ناچێتە ژێر هێژمۆنی هیچ لایانێک، تەنانەت ڕێگا بە هیچ یەک لە لایانە سیاسەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستانیش نادات، کە خواست و ئێرادەی خۆیانی بە سەردا بسەپێنن.
💢 خەبات و تێکۆشان بۆ سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی دێمۆکراتیکی کوردستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان .
💢 بە پیشەسازی کردنی کۆمەڵگای کوردستان، بە مەبەستی بنبڕ کردنی هەژاری و بێکاری.
💢 پارێزگاری کردن لە نەگۆرینی دێمۆگرافیاو ژئۆپلۆتیکی کوردستان و ڕێگری کردن لە بە تاڵان بردنی ژێرخان و سەرخانی ئابووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
💢 کار بۆ پاراستنی فەرهەنگی و کلتوور و ئەدەبی کوردی و پەرەپێدانی بە زمانی دایکی و دەوڵەمەند کردنی زمان و ئەدەبیاتی کوردی.
💢 لە بەستێنێکی ئازاد و دێموکراتیک، هەموو ئایین و پێکهاتەکانی کۆمەڵگای کوردستان، سەربەست و خاوەن مافن.
💢 مافی بەرابەری و یەکسانی ژن و پێاو بێ ئەملاو ئەولا، لە هەموو بوارێک و دابینکردنی هەل و دەرفەت بۆ بەشداری ژنان لە هەموو جومگەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی.
💢گرنگیدان بە سیستەمی پەروەردە و خوێندن و دابین کردنی مافی منداڵان، نەهێشتنی منداڵ ئازاری و کاری منداڵ لە کۆمەڵگای کوردستان.
💢 سەروەری یاسا و سەربەخۆیی دادگاو پاراستنی مافی تاک، ئامانجی بزووتنەوەی هیوایە.
💢پاراستنی ژینگە و دابینکردنی هەموو میکانیزمێک بۆ ژینگە پارێزانی کوردستان.
💢 بزووتنەوەی ” هیوا ” خۆی لە چوارچێوەی هیچ ئیدئۆلۆژێکی دیاری کراودا نابینێتەوە، باوەڕی بە ئێرادەی ئازاد و سەربەخۆی تاکەکانی ناو کۆمەڵگا هەیە، سەروەری یاسا بە بنەمای کۆمەڵگایەکی دێمۆکراتیک وەردەگرێت، کە لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو هاوتەریب بێت.
پەیمان و بڵێن دەدین، کە هەتا دوا هەناسە بە خاک و نیشتمانی کوردستان وەفادار بین و هەتا دوا دلۆپی خوێن یار و پشتیوانی گەلی خۆمان بین، هەربژی کورد و کوردستان
ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری
بزووتنەوەی هیوا
23 سەرماوەزی 2719